ئەنجلێنا جولی: چیرۆکی ژیانی فەڵەستینییەکان مەینەتیە و باس ناکرێت
هەشت وڵات هۆشداریی لە داڕمانی دۆخی مرۆیی غەززە دەدەن
لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بە دۆکۆمێنتکردنی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە، ئەنجلێنا جولی، خانمە ئەکتەری ئەمەریکی چالاکوانی بواری مرۆیی، بە یاوەریی شاندێکی دیپلۆماسیی باڵا سەردانی پارێزگای باکووری سینا لە میسر و دەروازەی سنووریی ڕەفەحی کرد و ڕایگەیاند: ئەوەی بەسەر فەڵەستینییەکان بە تایبەت دانیشتووانی غەززە هاتووە، بە جۆرێك مایەی نیگەرانییە کە لە وەسف نایە.
هەینی، 2ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجلێنا جولی، خانمە ئەکتەری ئەمەریکی و چالاکوانی بواری مرۆیی، لە میانی گەشتەکەیدا کە بە یاوەریی شاندێکی باڵا کە پێکهاتبوو لە، ئەروا جاییری، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و نەبیلە موکرەم، سەرۆکی ئەمینداریییەتی هونەریی هاوپەیمانیی نیشتمانیی بۆ کاروباری گەشەپێدان، سەردانی پارێزگای باکووری سینا لە میسر و دەروازەی سنووریی ڕەفەحی کرد.
جولی بە یاوەری شاندەکە سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی عەریشی کرد، لەوێدا لە نزیکەوە لە دۆخی تەندروستی بریندارانی فەڵەستینی کۆڵییەوە و گوێبیستی چیرۆکی ڕزگاربووان بوو.
خانمە ئەکتەرە ئەمەریکییەکە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: زۆر دڵتەنگ و خەمبارم بە بیستی بارودۆخی ژیانی فەڵەستینییەکان، چیرۆکی ژیانی فەڵەستینییەکان بە زۆرێک تراژیدیایە کە وەسف ناکرێت.

لای خۆیەوە ئەروا جاییری، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئامانجی سەردانی شاندەکەی بۆ دەروازەی سنووریی ڕەفەح ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، شاندەکە مەبەستی بوو لە نزیکەوە هەڵسەنگاندن بۆ ناردنی قەبارەی ئەو هاوکارییە مرۆییانە بۆ فەڵەستین بکات.
لە لایەکی دیکەوە نەبیلە موکرەم، سەرۆکی ئەمینداریییەتی هونەریی هاوپەیمانیی نیشتمانیی بۆ کاروباری گەشەپێدان، جەختی کردەوە لەسەر کرانەوەی میسر بە ڕووی هاوکاریی فەڵەستینییەکان و هەماهەنگیی بەردەوام بۆ لابردنی ئاستەنگەکان کردەوە.
هۆشداریی هەرێمی لە بارەی "داڕمانی مرۆیی"
هاوتەریب لەگەڵ ئەم سەردانە، وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵات (سعوودیە، میسر، ئوردن، ئیمارات، ئیندۆنیزیا، پاکستان، تورکیا و قەتەر) لە ڕاگەیانراوێکی هاوبەشدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی بەرانبەر بەو "داڕمانە مرۆییە خێرایەی" لە غەززە ڕوو دەدات.
وەزیرانی دەرەوە ئاماژەیان بەوە دا، بۆردومانی بەردەوام و گەمارۆی توند لەگەڵ دۆخی سەختی زستان، ژیانی نزیکەی 1.9 ملیۆن ئاوارەی خستووەتە مەترسییەکی بێپێشینەوە.
هاوکات هۆشدارییان داوە، لەوەی نقوومبوونی کەمپەکان بە ئاوی باران و کەمیی کەرەستەی گەرمکردنەوە، لەگەڵ بەدخۆراکیی توند، زەنگی کارەساتێکی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی پەتاکان لێ دەدات، بە تایبەت لەنێو ژنان، منداڵان و بەساڵاچوواندا.
دەروازەی سنووریی ڕەفەح
پرسی کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح یەکێکە لە تەوەرە هەستیارەکان، کە پێشتر ئیسرائیل ڕەتی کردبووەوە بە هەردوو ئاڕاستەدا (بۆ دەرچوونی برینداران و هاتنەژوورەوەی هاوکارییەکان) بکرێتەوە، لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمدریکا فشاری خستووەتە سەر لایەنەکان بۆ کاراکردنی ئەم دەروازە زەمینییە کە وەک تاکە شادەماری ژیان بۆ کەرتی غەززە دادەنرێت.
