یەمەن.. فڕۆکەخانەی سەیوون و بنکەیەکی سەربازی بۆردوومان کران
جێگری وەزیری دەرەوەی یەمەن: ئەنجوومەنی ئینتیقالی وەک حزبوڵڵایە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە
لەکاتێکدا فڕۆکەخانەی سەیوون و بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی سەر بە ئیمارات لەلایەن هاوپەیمانیی عەرەبییەوە بۆردوومان کران، جێگری وەزیری دەرەوەی یەمەن هێرشی توند دەکاتە سەر ئەنجوومەنی ئینتیقالی و بە "هێزێکی لەیاسا دەرچوو" ناویان دەبات، جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت چەک دابنێن.
سەرچاوە خۆجێییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعوودییە بۆ دەرکردنی جوداخوازەکان، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کرایە سەر فڕۆکەخانە و بنکەیەکی سەربازی لە شاری سەیوونی پارێزگای حەزرەمەوت. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشوور (STC) و شایەتحاڵان، هێرشەکان ڕاستەوخۆ بنکەکانی ئەو هێزانەیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێن.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە، مستەفا نوعمان، جێگری وەزیری دەرەوەی یەمەن لە لێدوانێکدا بۆ کەنالی ئەلعەرەبیە ڕایگەیاند: پێویستە ئەنجوومەنی ئینتیقالی (STC) هەڵبوەشێنرێتەوە، یان لانی کەم دەبێت چەکەکانیان دابنێن و تەنیا وەک ڕێکخراوێکی سیاسی بمێننەوە.
نوعمان ئاماژەی بەوە دا، ئەو گرووپە بوونەتە قەوارەیەکی "لەیاسادەرچوو" چونکە سەرکردایەتی یاخیبوونیان کردووە دژی حکوومەتی شەرعیی وڵات، هەروەها کردارەکانی ئەنجوومەنی ئینتیقالی لە یەمەن بە کردارەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەکان لە یەمەن چواند و گوتی: دانانی چەک تاکە بژاردەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە باشوور.
سەبارەت بە پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی ئەو هێزانە لە حەزرەمەوت و مەهرە، بەرپرسەکەی یەمەن هۆشداریدا کە ئەوە هەڵەیەکی کوشندەیە و باجەکەی بە گرانی دەدەن، چونکە هیچ وڵاتێک قبووڵی ئەوە ناکات میلیشیاکان لەسەر سنوورەکانی بن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوعمان هێرشی کردە سەر عەیدەرووس زوبەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و گوتی: ئەو نوێنەری هەموو باشووری یەمەن نییە و تەنیا تەماحێکی شەخسی هەیە بۆ حوکمڕانی، بەڵام بەمزووانە بۆی دەردەکەوێت کە شوێنی نابێتەوە و دەبێت وڵات بەجێ بهێڵێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی یەمەن پەیامێکی ئاراستەی ئەبووزەبی کرد و گوتی: ئیمارات لەوە تێدەگات کە ئینتیقالی بەناوی ئەوانەوە چی دەکات، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان سعوودییە و ئیمارات زۆر لەوە گەورەترن کە بەهۆی ئەم گرووپەوە تێک بچن.
