ماوەی قهییوم له شارەوانیی مێردین درێژ کرایەوە
جارێکی دیکە ماوەی قهییوم له شارەوانیی مێردین کە جێگەی ئهحمەد تورکی گرتووەتەوە، درێژ کرایەوە.
هەینی، 2ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ماوەی قهییومى شارەوانیی مێردینی، بۆ دوو مانگی دیکە درێژ کردەوە. پارێزگاری ماردین تا 4ـی ئاداری ئەمساڵ بە وەکالەت لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی بەردەوام دەبێت.
لەم بارەیەوە، پارێزەرەکەی ئهحمهد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی مێردین، ڕایگەیاند: کە دانانی قهییوم نادەستوورییە و ئەگەر کۆتایی بە سیستەمی قهییوم بهێنرێت، ئەوا متمانە بە پرۆسەی ئاشتی زیاد دەکات.
دهم پارتی لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2024ـدا سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانیی مێردینی بە دەست هێنا و ئهحمەد تورک وەک سەرۆکی شارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا.
بەڵام لە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکەکانی شارەوانییەکانی باتمان و خەلفەتی لە کارەکانیان دوورخستەوه و ئهحمەد تورکی سەرۆکی شارەوانیی مێردینی بە تۆمەتی پەیوەندیی بە پەکەکه دوورخستهوه.
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەدارێکی ناسراوی کوردی باکووری کوردستانە، لە ساڵی 1942 لە ماردین لەدایکبووە، لە هەڵبژاردنەکانی گەورە شارەوانییەکان سێ جار وەک سەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین هەڵبژێردراوە.
قەییوم چییە؟
قەییووم وشەیەکی عەرەبییە و لە ڕووی زمانەوانییەوە بە واتای "سەرپەرشتیار"، "بەڕێوەبەر" یان "ئەمینداری" دێت.
هەورەها بە واتەیەکی دیکە قەییووم بریتییە لەو کەسەی کە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە (حکوومەت) دادەنرێت بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەک (وەک شارەوانی)، لە بری ئەو کەسەی کە خەڵک هەڵیانبژاردووە.
کاتێک وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سەرۆک شارەوانییەکی هەڵبژێردراو ، دوور دەخاتەوە بە تۆمەتی "پەیوەندی بە تیرۆر" یان دۆسیەی دادگا، ڕاستەوخۆ پارێزگار یان قایمقامێک وەک "قەییووم" لە شوێنەکەی دادەنێت.
لە سیاسەتی ڕۆژانەدا، کاتێک دەوترێت "قەییووم دانرا"، مەبەست لێی ئەوەیە کە حکوومەت سەرۆکە هەڵبژێردراوەکەی لابرد و فەرمانبەرێکی خۆی لە شوێنی دانا.
