ئیرەوانی: ئەنجوومەنی ئاسایش بێدەنگی بەرانبەر "جەنگی تاوانکاری" دژ بە ئێران هەڵبژاردووە
نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئامارێکی مەترسیداری قوربانیانی جەنگی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 180 منداڵی ئێرانی بوونەتە قوربانی. هاوکات رەتی دەکاتەوە هێرشەکان تەنیا بنکەی سەربازییان کردبێتە ئامانج.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە لێدوانێکدا، گوتی: لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا، بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، زیاتر لە 180 منداڵ لە ئێران کوژراون.
ئیرەوانی رایگەیاند: "خستنەخوارەوەی بۆمب بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ئامانج لێی دروستکردنی ترس و تۆقاندنە لەنێو خەڵکی مەدەنی."
هاوکات دووپاتی کردەوە کە بەئامانجگرتنی گەڕەکە نیشتەجێبووەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان "تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین."
نوێنەری ئێران رەخنەی توندی لە ئەنجوومەنی ئاسایش گرت و گوتی: "ئەنجوومەنی ئاسایش تا ئێستا گوێی بەو داواکارییە بەردەوامانەی تاران نەداوە بۆ راگرتنی ئەوەی کە بە 'جەنگی تاوانکاری دژ بە ئێران' وەسفی دەکەن."
سەبارەت بە بانگەشەی لایەنەکان کە گوایە تەنیا بنکە سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئیرەوانی گوتی: "ئەو بانگەشانە بێ بنەمان، هێرشەکان ناوچە مەدەنی و ئاوەدانەکانیشی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زیانی گیانی زۆر بە هاووڵاتیان گەیشتووە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.