ترەمپ: مادۆرۆ لە مەیامی دادگایی دەکرێت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەردەی لەسەر وردەکاریی "ئۆپەراسیۆنی بڕیاری یەکلاکەرەوە" بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، تا کاتی گواستنەوەی دەسەڵات، ئەمەریکا خۆی ڕاستەوخۆ ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبات و دەست بەسەر کەرتی نەوتەکەیدا دەگرێتەوە. ترەمپ لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەوەی کە جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە ملکەچی فەرمانەکانی واشنتن بووە، جەختی کردەوە کە مادورۆ و هاوسەرەکەی ڕووبەڕووی بەڵگەی ترسناک دەبنەوە و لە مەیامی دادگایی دەکرێن.
شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی سەر ڤەنزوێلا و دەستگیریکردنی سەرۆکەکەی گوتی: لەسەر فەرمانی من هێزەکانمان هێرشێکی بێوێنەیان کردە سەر پایتەختی ڤەنزوێلا.
گوتیشی: ئامانجی هێرشەکەمان لە نێوبردنی نیکۆلاس مادورۆ دیکتاتۆر و پەلکێشکردنی بۆ دادگا بوو، کە لە شەوێکی تاریک دەستگیر کرا و لە نیویۆرک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە نیویۆرک دادگایی دەکرێت.
ترەمپ بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: ئێمە وڵاتی ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین تا ئەو کاتەی گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و دروست لە دەسەڵاتدا ڕوو دەدات؛ ئەمە خواستی ئێمەیە بۆ گەلە مەزنەکەی ئەو وڵاتە. گوتیشی: ئێمە لەوێ دەمێنینەوە تا ئەو کاتەی هەلومەرجەکە دەگۆڕێت و دۆخەکە گونجاو دەبێت، جەختیشی کردەوە، نامانەوێت تێوە بگلێین لەوەی کەسێکی دیکە بێتە شوێنی و لە کۆتاییدا تووشی هەمان دۆخی ئێستا ببینەوە.
سەبارەت بە کەرتی ئابووری و نەوت، ترەمپ ئاشکرای کرد: کۆمپانیا گەورەکانی نەوت دەبەینە ڤەنزوێلا، بۆ ئەوەی ژێرخانی ئەو وڵاتە چاک بکەنەوە و داهات بۆ وڵاتەکە پەیدا بکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر شێوازی هێرشەکە گوتی: لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی ئاسمانی، وشکایی و دەریایی بەکارهێنراون و پلانمان بۆ شەپۆلی دووەمی هێرشەکان دانابوو کە فراوانتر بێت، بەڵام ئەنجامی شەپۆلی یەکەم دڵخۆشی کردین و بەس بوو، دووپاتیشی کردەوە، هیچ کارمەند و سەربازێکی ئەمەریکی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکوژراون.
ترەمپ پاساوی هێرشەکەی هێنایەوە و گوتی: مادورۆ سەرۆکێکی تاکڕەو و ناشەرعی بوو، بەرپرسیار بوو لە ناردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەمەریکا.
ترەمپ جەختی لە گەڕانەوەی شکۆی ئەمەریکا کردەوە: ئێمە بووینەتەوە بە نەتەوەیەکی ڕێزلێگیراو، خاوەنی بەهێزترین سوپا و باشترین کەرەستەی سەربازین لەسەر گۆی زەوی.
سەبارەت بە چارەنووسی مادورۆ دوای گەیشتنی بە ئەمەریکا، ترەمپ ڕایگەیاند: مادورۆ و هاوسەرەکەی سەرەتا دەبرێنە نیویۆرک، بەڵام پاشان دەگوێزرێنەوە بۆ شاری مەیامی. سەبارەت بە هۆکاری ئەمەش، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە دۆسیەی قورس لە دژیان هەیە و گوتی: ئەو بەڵگانەی لە دژیان دەستمان کەوتووە، ترسناک و هەناسەبڕن .
سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی دووپات کردەوە و گوتی: هیچ سەربازێکی ئەمەریکی نەکوژراوە و هیچ کەرەستەیەکی سەربازیشمان لەدەست نەداوە.
سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامیی گرژییەکان، ترەمپ هۆشداریدا: ئێمە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هێرشی دووەم لە ڤەنزوێلا ئەگەر پێویست بکات.
ترەمپ پاساوی توندی بۆ دەستگیرکردنەکە هێنایە و گوتی: مادورۆ تاکە کەس بوو کە سەقامگیریی هەموو ناوچەکەی تێکدابوو، هەروەها ببووە هۆی دروستکردنی ئازار و مەینەتی لە سەرتاسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
ترەمپ پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی بەرپرسانی ئێستای ڤەنزوێلا کرد و گوتی: تەواوی سیاسەتمەدارانی ڤەنزوێلا دەبێت وانە و پەند لەوە وەربگرن کە بەسەر مادورۆ هات، بۆ ئەوەی هەمان سیناریۆ بەسەر ئەوانیشدا نەیەت.
سەرۆکی ئەمەریکا بانگەشەی خاوەندارێتیی کەرتی نەوتی ئەو وڵاتەی کرد و گوتی: ئێمە سەکۆ نەوتییەکانی ڤەنزوێلامان دروست کرد، بەڵام مادورۆ نەوتەکەمان و بەشێکی زۆری ژێرخانەکەشی دزی، ئێستا هەمووی بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە.
سەرەڕای دەستگیرکردنی مادورۆ ، ترەمپ ڕایگەیاند کە سزاکان هەڵناگیرێن و گوتی: گەمارۆکان لەسەر هەموو نەوتی ڤەنزوێلا وەک خۆی لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی کار لەگەڵ جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا دێلسی ڕۆدریگێز بکات. گوتی: جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا پێی گوتین، ئێمە هەرچی ئێوە داوامان لێ بکەن، ئەوە دەکەین. بڕوامان وایە ئەو ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی ڤەنزوێلا مەزن بکاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا هیچ کەسێک لە ناوخۆی ڤەنزوێلا ئامادە نییە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، بۆیە ئەمەریکا خۆی وڵاتەکە بەڕێوە دەبات تا دۆخەکە دەگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی گوتیشی: ئێمە ڤەنزوێلا بە باشی بەڕێوە دەبەین و ئەمەش ملیارەها دۆلاری تێدەچێت.
سەبارەت بەوەی بۆچی پێشوەختە کۆنگرێسی ئەمەریکای ئاگادار نەکردووەتەوە، ترەمپ گوتی: نەمانتوانی کۆنگرێس ئاگادار بکەینەوە، تەنیا لەبەر ترسی دزەپێکردنی زانیارییەکان.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ناردنی هێز، ترەمپ گوتی: ناترسین لەوەی هێزی پیادە بنێرین ئەگەر پێویست بکات؛ شەوی ڕابردوو هێزی پیادەمان لە ئاستێکی زۆر باڵادا لەوێ بووە.
سەبارەت بە نەوتیش گوتی: حکومەتی مادورۆ نەوت و ژێرخانەکەمان لێ دزی بوون، ئێستا دەستی بەسەردا دەگرینەوە و نەوت دەفرۆشین بەو وڵاتانەی کە پێشتر لە ئێمەیان دەکڕی.
هێگسێت: لەژێر سایەی ترەمپدا، ئەمەریکا گەڕایەوە
لە لایەکی دیکەوە پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ستایشی سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ کرد و هۆشداری دا نەیارانی ئەمەریکا کە سەردەمی ئەمەریکا پێش هەمووان و ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە دەستی پێکردووەتەوە.
هێگسێت ڕایگەیاند: هیچ وڵاتێکی دیکە لەسەر ئەم هەسارەیە نییە بتوانێت ئۆپەراسیۆنی لەم شێوەیە ئەنجام بدات، تەنانەت لێشی نزیک نین. هیچ سەرۆکێکیش لە مێژوودا ئەم ئاستە لە سەرکردایەتی و ئازایەتی و پێداگرییەی نیشان نەداوە.
سەبارەت بە چارەنووسی سەرۆکی دەستگیرکراوی ڤەنزوێلا، هێگسێت گوتی:مادورۆ چانسی خۆی هەبوو، ڕێک وەک چۆن ئێران چانسی خۆی هەبوو، تا ئەو کاتەی لەدەستیان دا. مادورۆ یاری بە ئاگر کرد و دەرەنجامەکەشی بینی جەختیشی کردەوە: ئەمەریکا دەتوانێت ئیرادەی خۆی لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا بێت، بسەپێنێت.
هێگسێت ئاماژەی بەوە دا کە ترەمپ "گاڵتە ناکات" لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی و گوتی: ترەمپ لەو پەڕی جددیەتدایە سەبارەت بە: ڕاگرتنی لێشاوی باندەکان و توندوتیژی بۆ ناو وڵاتەکەمان، ڕاگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو ژەهرەی دەدرێت بە گەلەکەمان و وەرگرتنەوەی ئەو نەوتەی کە لێمان دزراوە.
ئۆپەراسیۆنی بڕیاری یەکلاکەرەوە
ژەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا، وردەکارییە سەربازییە پشت دەستگیرکردنی مادورۆ ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "ئۆپەراسیۆنی بڕیاری یەکلاکەرەوە - Operation Absolute Resolve" بووە.
ژەنەراڵ کەین ئاماژەی بە قەبارەی هێرشەکە دا و گوتی: ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەندە ورد بوو، زیاتر لە 150 فڕۆکە لە سەرتاسەری نیوەگۆی ڕۆژئاواوە بە هەماهەنگییەکی چڕ هەستان و هەموویان لە کات و شوێنی دیاریکراودا گەیشتنە یەک، بۆ ئەوەی هێزێکی تایبەت لە جەرگەی شاری کاراکاس دابەزێنن، لە هەمان کاتدا توخمی کتوپڕی بپارێزن.
سەبارەت بە کاتی هێرشەکە، گوتی: لە تاریکترین کاتەکانی 2ی کانوونی دووەمدا ئەنجام درا. ئەنجامی پلاندانان و مەشقکردنی چەندین مانگ بوو. بە ڕاشکاوی دەڵێم، ئەمە ئۆپەراسیۆنێکە تەنیا سوپای ئەمەریکا توانای ئەنجامدانی هەیە.
ڕوبیۆ: 50 ملیۆن دۆلارمان بۆ گەنجینە گەڕاندەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر لەو بارەوە گوتی: مادورۆ هەڵاتوویەکی دەستی دادگای ئەمەریکا بوو و 50 ملیۆن دۆلار خەڵات لەسەر سەری بوو، کە پێم وایە ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە 50 ملیۆن دۆلارمان بۆ گەنجینە گەڕاندەوە.
دەشڵێت: نیکۆلاس مادورۆ چەندین دەرفەتی لەبەردەم بوو بۆ ئەوەی لەم دۆخە ڕزگاری بێت و چەندین ئۆفەری زۆر بەخشندانەی پێشکەش کرا، بەڵام لە جیاتی ئەوە بڕیاری دا بێباکانە مامەڵە بکات و یاری بکات. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە ئەمشەو بینیمان.
