بەرەی مقاوەمە هۆشداریی دەداتە حکوومەتی نوێی عێراق
مەرجەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ حکوومەتی نوێی عێراق؛ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە سەرووی هەمووانەوەیە
دەستەی هەماهەنگیی بەرەی موقاوەمەی عێراقی، لە پەیامێکی تونددا بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق، هۆشداری دەدات کە "چەکی مقاوەمە پیرۆزە" و ڕەتی دەکاتەوە هیچ گفتوگۆیەک لەسەر داماڵینی چەک بکرێت تا ئەو کاتەی تەواوی هێزە بیانییەکان لە خاک و ئاسمانی وڵاتەکە دەچنە دەرەوە.
یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی هەماهەنگیی بەرەی موقاوەمەی عێراقی، لە ڕاگەیەنراوێکدا پەیامێکی توندی ئاراستەی حکوومەتی داهاتووی وڵاتەکە کرد.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا بەرەی مقاوەمە چەند مەرج و داواکارییەک دەخاتە بەردەم حکوومەتی داهاتووی عێراق و دەڵێت: دەبێت لە کابینەی داهاتوو "یاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی"، پەسەند بکرێت وەک وەفایەک بۆ قوربانییان و پارێزەرانی خاک و نیشتمان.
بەرەی مقاوەمە داوا دەکات کۆتایی بە هەموو جۆرە بوونێکی بیانی لە خاک و ئاسمانی عێراق بهێنرێت و ڕێگە بە هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی، ئەمنی یان ئابووریی بیانی نەدرێت.
دەستەی هەماهەنگیی بەرەی موقاوەمە، دووپاتی دەکاتەوە، چەکی مقاوەمە چەکێکی پیرۆزە، بە تایبەتی لە وڵاتێکدا کە هێشتا داگیرکاریی تێدا بەردەوام بێت.
هەروەها بە توندی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە، هەرجۆرە باس و خواسێک لەسەر چەکدانان لە لایەن لایەنە دەرەکییەکانەوە ڕەت دەکاتەوە، لە بارەی چارەنووسی ئەم چەکەوە تەنانەت لەگەڵ حکوومەتی عێراقیشدا هیچ گفتوگۆیەک ناکرێت، تا ئەو کاتەی تەواوی هێزە بیانییەکان لە خاک و ئاسمانی وڵاتەکە دەچنە دەرەوە.
