ئەمریکا لە رێگەی دەریاوە گەمارۆی سەر ئێران توندتر دەکات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند: گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێرالد فۆرد"، بە شێوەیەکی بەردەوام و 24 کاتژمێری، ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی لە دەریاوە درێژە پێدەدات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم"، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە بوونی گرووپێکی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگر "جێرالد فۆرد"، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزەکانی ئەمریکا ستراتیژیی گەمارۆدان و گوشارخستنە سەر ئێرانیان لە رێگەی دەریاوە چڕتر کردووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، رایگەیاند: توانای مانۆڕی دەریاییمان لە ناوچەکەدا، بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.