ئەمریکا: ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانمان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان جێهێشتووە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە پرۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بووە و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆرتر ناوچەکە جێبهێڵن.
پێنجشەممە، 5ـی ئایاری 2026، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشبینی دەکات بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە روو بدات کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێدەهێڵن.
تۆڕی هەواڵی (CBS) لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە: تا ئێستا هاوکاریی شەش هەزار و 500 هاووڵاتییمان کردووە بۆ دەرچوون لە ناوچەکە و ژمارەکەش ئەگەری زیادبوونی هەیە.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی بیانی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان جێهێشتووە، وڵاتانی جیهانیش بەردەوام داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن لە پێناو پاراستن و سەلامەتیی گیانی خۆیان، بە خێرایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبهێڵن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.