کتێبی "ڕووبارەکانی ئاسمان" بڵاو دەکرێتەوە

وێنەی کتێبی 'ڕووبارەکانی ئاسمان'
وێنەی کتێبی 'ڕووبارەکانی ئاسمان'

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2026، ئازاد مەحموود، وەرگێڕ تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ ڕۆمانی "ڕووبارەکانی ئاسمان" نوێترین بەرهەمی نووسەری جیهانی 'ئەلیف شەفەق'ە کە بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی.

ئەو وەرگێڕە دەڵێت: ئەم ڕۆمانە کارێکی لیریکی و فرەچینە؛ ژیان و شوێن و قۆناغە کاتییە جیاوازەکان لە ڕێگەی "ئاو، یادەوەری و لەدەستدان"ەوە بەیەکەوە گرێدەدات. چیرۆکەکە لە نێوان میزۆپۆتامیای کۆن، ئینگلتەرای سەردەمی ڤیکتۆریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن دەجووڵێت و نیشانی دەدات کە چۆن چیرۆکە مرۆییەکان وەک ڕووبارەکان، بە درێژایی سەدەکان دەڕژێنە ناو یەکترەوە.

دەشڵێت: ڕۆمانەکە لە جەوهەری خۆیدا بەدواداچوون بۆ چەمکەکانی دەربەدەری، سەربەخۆیی، خۆشەویستی و زەبروزەنگ دەکات. هەروەها تیشک دەخاتە سەر لەناوچوونی سروشت، بەتایبەتی ڕووبارەکان و سیستمە ژینگەییەکان. شەفەق ئازاری تاکەکەسی بە مێژووی بەکۆمەڵەوە دەبەستێتەوە و پێمان دەڵێت؛ زیانەکانی ژینگە، شەڕ و نادادپەروەری، شوێنەوارێکی قووڵ و درێژخایەن لەسەر خاک و مرۆڤایەتی بەجێدەهێڵن. لەم بەرهەمەدا "ئاو" تەنیا ڕەگەزێکی سروشتی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ ژیان، بەردەوامی، لەبیرچوونەوە و یادکردنەوە.

ڕۆمانەکە لەسەر سێ تەوەری کاتی و سێ کارەکتەری جیاواز بونیاد نراوە:

1.  میزۆپۆتامیای کۆن: باس لە سەرهەڵدانی نووسین و پەیوەندییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لەگەڵ ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دەکات، کە وەک شایەتحاڵێکی زیندووی شارستانیەت وێنا کراون.

2.  ئینگلتەرای سەردەمی ڤیکتۆریا: چیرۆکی کوڕێکی هەژار دەگێڕێتەوە کە شەیدای کتێب و زانست دەبێت، ئەمەش هێزی گۆڕانکاریی فێربوون و چیرۆک لە ژیانی مرۆڤدا دەردەخات.

3.  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ: باس لە ژیان و خەمی ژنێک دەکات کە لە نزیک ڕووباری دیجلە دەژی و بیر لە ئاوارەیی، لەدەستدان و تێکچوونی ژینگە دەکاتەوە.

وەرگێر دەڵێت: ئەم ڕۆمانە وەک کارەکانی تری شەفەق، ئاوێتەیەک لە ئەفسانە، مێژوو، ڕۆحانیەت و سیاسەتە. دەنگ دەدات بە پەراوێزخراوەکان و جەخت لە هاوسۆزیی مرۆیی لەسەرانسەری کولتوورەکاندا دەکاتەوە.

ڕاشیگەیاند؛ ئەم بەرهەمە دەیەمین تاقیکردنەوەی منە لە بواری وەرگێڕان لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی کوردی. هەرچەندە تا ئێستا وەک نووسەر هیچ ڕۆمانێکی سەربەخۆم نەنووسیوە، بەڵام هەوڵم داوە بەوپەڕی ئەمانەت و جوانییەوە ئەم شاکارە جیهانییە پێشکەشی خوێنەری کورد بکەم.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل