خانووی ھاووڵاتییانی كورد لە پەڵكانە داگیر دەكرێن
ھێزەكانی عێراق فشار دەخەنە سەر ھاووڵاتییانی كورد
K24 - كەركووك
سوپای عێراق، حەشدی شەعبی، پۆلیس، دوای داوەتکردنیان لەلایەن عەرەبە هاوردەکان لە گوندی پەڵکانە، ماڵ بە ماڵی هاووڵاتیانی کوردانی دانیشتووی گوندەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، لەماوەی 24 کاتژمێردا خانووەکانیان جێبهێڵن و رادەستی عەرەبە هاوردەکانی بکەنەوە، گوندنشینانی کورد نەچوونە ژێرباری ئەو فشارەوە، ئاڵۆزی روویدا، هێزە ئەمنیەکان پشتگیری عەرەبە هاوردەکان بوون، ژمارەیەک هاووڵاتی کوردیشیان دەستگیرکرد.
لە ھاوینی ئەمساڵدا عەرەبە ھاوردەكان بە پشتیوانی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق فشاریان خستەسەر ھاووڵاتییانی كورد كە دەست لە خاوەنداریەتی زەوییەكانیان لە پەڵكانە ھەڵگرن، بەڵام جوتیارانی كورد رووبەڕوویان بوونەوە و بڕیارەكەیان رەتكردەوە، دوێنێ دووشەممە 7/12/2020 جارێكی دیكە ھێزەكانی حەشد و سوپای عێراق و پۆلیسی عێراق ھاووڵاتییانی كوردیان لە پەڵكانە ئاگادار كردەوە كە لە ماوەی 24 كاتژمێردا گوندەكان جێبھێڵن، بەڵام كوردانی پەلكانە دژی ئەو بڕیارە دەوەستننەوە و دەڵێن "گوندەكەمان بۆ كەس چۆڵ ناكەین".
گوندنشینێكی پەڵكانە بە كوردستان24ی گوت: "ئەو كاتەی خەڵك لەسەر ئیش بوون، عەرەبە ھاوردەكان دەرفەتیان قۆستەوە و چوونەتە سەر خانووەكانمان و دەرگای سێ خانوویان شكاندووە، ھەروەھا حەشدی شەعبی توركمانی لەگەڵیان تووەتە ناو گوند، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ھاووڵاتییانی كورد، شەش ھاووڵاتی كوردیان دەستگیر كرد و تەقەشیان لە ئێمە كرد، دەستیان بەسەر ھەندێك خانووی كورد داگرتووە، چونكە ئێمە چەكمان پێ نییە و ئەوان حەشدیان لەگەڵە".
ھاووڵاتییەكی دیكەی كورد لە پەڵكانە گوتی: "عەرەبە ھاوردەكان بە پشتیوانی حەشدی توركمانی ھاتنە سەر ماڵەكانمان، لە ھەندێك ھاووڵاتیان ودا و ھەندێكیان دەستگیر كران، ھیچ نەماوە لەگەڵمان نەكەن ئێستا عەرەبە ھاوردەكان دەھێندرێنەوە پەڵكانە و دەیانەوێت لە خانووی كوردان جێگیریان بكەن".
دەشڵێت: "ئێمە چەند ساڵێكە بە شەڕە بەرد و دار رووبەڕووی عەرەبە ھاوردەكان و ھێزەكانی عێراق بووینەتەوە، ئێستا خانووەكەم داگیر كراوە، لەبەرچاوی خۆم كەلوپەلی ماڵەكەم دەفرۆشن، جگە لە خانووی من خانووی چەندین ھاووڵاتی دیكەش داگیركراون".