وردبینی بۆ کاندیدانی سەرۆک کۆمار دەکرێت

کۆشکی سەلام
کۆشکی سەلام

وردبینی بۆ ناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەست پێدەکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سبەی چوارشەممە، 07ـی کانوونی دووەمی 2026، وردبینی لە ناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار دەست پێدەکات و پەرلەمان داوای لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، وردبینی لە لیستەکە بکەن.  

شاخەوان عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە، بە گوێرەی یاسا، پێویستە کاندیدەکان پێشینەی تاوانیان نەبێت و بە فلتەری دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریدا تێپەڕبن. 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد، چاوەڕێ دەکرێت، دوای پرۆسەی وردبینیکردن لە ناوەکان و ڕێکارەکان، ژمارەیەک لەو کاندیدانە شیاوبوونی خۆیان بۆ کاندیدبوون لەدەست بدەن و دووربخرێنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار داخراوە و 81 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە. 

کاندیدەکان لە پێکهاتە جیاوازەکانی کورد، شیعە و سوننە پێکدێن. لەنێو کاندیدەکاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی کاندید کردووە.

بەپێی سیستمی دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراق لە دوای ساڵی 2003، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد تەرخانکراوە. 

پەرلەمانی عێراق بەپێی دەستوور، لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خۆی، دەبێت سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرێت. دوای هەڵبژاردنی، سەرۆک کۆمار 15 ڕۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، کاندیدێک بۆ بردنەوە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووان هەیە. ئەگەر هیچ کاندیدێک ئەو ڕێژەیەی بەدەست نەهێنا، دوو کاندیدی یەکەم دەچنە گەڕی دووەم و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆمار.