هەوای تاران لە لێواری دۆخی سووردایە؛ هۆشداری بە گرووپە هەستیارەکان دەدرێت

ئەمڕۆ ئاستی کوالیتیی هەوای تاران گەیشتووەتە 149 پلە، واتە دۆخی پرتەقاڵی و لە لێواری چوونە دۆخی سووردایە.

سێشەممە، 06 کانوونی دووەم، 2026، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' پشتبەستوو بە کۆمپانیای کۆنترۆڵی کوالیتیی هەوای تاران، ڕایگەیاند "ئاستی کوالێتی هەوای پایتەخت گەیشتووەتە 149 پلە، ئەمەش بە ئەوپەڕی دۆخی پرتەقاڵی و سەرەتای دۆخی سوور دەناسرێت. ئەم دۆخە، بۆ گرووپە هەستیارەکانی کۆمەڵگە، وەک منداڵان، نەخۆشانی دڵ و سییەکان، بەساڵداچووان و ئافرەتانی دووگیان، نەگونجاوە و داوایان لێ دەکرێت، بە گوێرەی توانا، لە ماڵەوە بمێننەوە و هاتوچۆی دەرەوە نەکەن."

 چاوەڕوانیش دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا کوالیتیی هەوای تاران خراپتر بێت و بۆ هەموو دانیشتووانی تاران نەگونجاو بێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی پارێزگای تاران، دۆخی نێوان پرتەقاڵی و زەرد تا شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئەگەری خۆڵبارانیش هەیە، ئەوەش بەهۆی جێگیریی کەشێکی سەقامگیر وەستانی جووڵەی با. 

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئەمڕۆ، کوالیتیی هەوای پایتەختی ئێران، شەش ڕۆژ دۆخی پاک، 133 ڕۆژ پەسەند، 128 ڕۆژ نەگونجاو بۆ گرووپە هەستیارەکان، 21 ڕۆژ خراپ، دوو ڕۆژ زۆر خراپ و دوو ڕۆژ مەترسیداردا بووە.

پێوەری کوالیتی هەوا لە سفرەوە دەست پێ دەکات و بە ژمارە 500 کۆتایی دێت؛ دۆخی پاک یان سەوز، لە نێوان سفر تا 50دایە. دۆخی پەسەند یان زەرد لە نێوان 51 بۆ 100 و دۆخی نەگونجاو بۆ گرووپە هەستیارەکان یان پرتەقاڵی، لە 151 تا 200 و دۆخی خراپ یان سوور لە 201 تا 300 و دۆخی زۆر خراپ و مەترسیدار یان وەنەوشەیی، لە نێوان 301 تا 500 دەبێت.