کۆمپانیای نەوتی ڤەنزوێلا PDVSA: بۆ فرۆشتنی نەوت لەگەڵ ئەمەریکا لە گفتوگۆداین
کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ڤەنزوێلا (PDVSA) بە فەرمی بوونی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو پشتڕاست کردەوە، ڕاشیدەگەیەنێت کە پرۆسەکە بەپێی میکانیزمێکی بازرگانیی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەش و شەفافییەتدا بەڕێوە دەچێت.
کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ڤەنزوێلا (PDVSA) بە فەرمی ڕایگەیاند، ئێستا لە چوارچێوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتدا، پرۆسەی دانوستانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستپێکردووە بە مەبەستی فرۆشتنی بڕێک نەوتی خاو بەو وڵاتە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی PDVSA کە ئەمڕۆ چوار شەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026 لە کاراکاس بڵاو بووەتەوە، ئەم پرۆسەیە بە هەمان ئەو میکانیزم و شێوازانە بەڕێوەدەچێت کە ئێستا لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەک "شێڤرۆن" کاری پێ دەکرێت.
کۆمپانیاکە جەختی کردووەتەوە ئەمە مامەڵەیەکی تەواو بازرگانییە و لەسەر بنەماکانی یاساییبوون، شەفافییەت و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا بنیاد دەنرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، PDVSA پابەندبوونی خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەتی کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی نیشتمانی لە بەرژەوەندیی گەلی ڤەنزوێلا و هەروەها بەشداریکردن لە پاراستنی سەقامگیریی وزەی جیهانیدا.
هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد ئەمەریکا پرۆسەیەکی سێ قۆناغی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڤەنزوێلا دەستپێکردووە، ئەوانیش لەم قۆناغەدا دەست بەسەر 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڤەنزوێلادا دەگرن و لە بازاڕەکانی جیهاندا بە نرخی ڕۆژ دەیفرۆشن. ئەمەریکا خۆی سەرپەرشتی دابەشکردنی داهاتەکەی دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە پارەکە بۆ خەڵکی ڤەنزوێلا دەبێت نەک بۆ ڕژێمە گەندەڵەکە.
هەروەها کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی وزەی گۆڵدمان ساکس، ستراتیژی نوێی ئیدارەی ئەمەریکای بەرانبەر بە ڤەنزوێلا ئاشکرا کرد کە خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی فرۆشتن و داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەدا دەبینێتەوە.
ڕایت ڕایگەیاند، ڤەنزوێلا ئێستا تەنیا دوو سەرچاوەی داهاتی هەیە: فرۆشتنی نەوت و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر. ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا ئەوەیە داهاتی ماددە هۆشبەرەکان بە تەواوی ببڕێت، لە بەرانبەردا داهاتی نەوت زیاد بکات بەڵام بە مەرجی تایبەت.
وەزیری وزە ئاماژەی بەوە کرد کە لەبری بەردەوامبوونی گەمارۆی نەوتی کە ئێستا هەیە، سیستمێکی نوێ پەیڕەو دەکەن، کە ڕێگە دەدەین نەوتەکە بڕوات و بە پاڵاوگەکانی ئەمەریکا و بازاڕەکانی جیهانی دەفرۆشرێت، بەڵام پرۆسەی فرۆشتنەکە لەلایەن حکوومەتی ئەمەریکاوە ئەنجام دەدرێت.
کریس ڕایت بە ڕوونی گوتی: پارەی نەوتەکە دەخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییانەی کە لەلایەن حکوومەتی ئەمەریکاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. گوتیشی: پارەکە بۆ خەڵکی ڤەنزوێلا خەرج دەکرێتەوە، نەک بۆ گەندەڵی و ئەو گرووپە تاوانکارییەی کە وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن.
بە گوتی وەزیرەکە، ئەم پلانە چەند ئامانجێکی هەیە، ئەوانیش، دەرهێنانی ڤەنزوێلا لەژێر دەستی باندە تاوانکارییەکان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، سوودگەیاندن بە بازاڕی وزەی جیهانی و ئابووری ئەمەریکا و ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ گەڕانەوەی ئەو 8 ملیۆن هاووڵاتییە ڤەنزوێلییەی کە وڵاتەکەیان جێهێشتووە.