ئەمەریکا و ڤەنزوێلا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە

دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاربەڕێکەری ڤەنزوێلا،
دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاربەڕێکەری ڤەنزوێلا،

پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە ڕفێنرا، وا دیارە هەردوو وڵات بڕیاریان داوە پەیوەندییە  دیپلۆماسییەکانی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە.

شەممە، 10 کانوونی دووەم، 2026، ڕۆژنامەی 'گاردییان'ـی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا، شاندێکی دیپلۆماسی وڵاتەکەیان سەردانی ئەمەریکا دەکات بۆ گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان؛ لە کاتێکدا دوێنێ، شەممە، شاندێکی دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گەیشتە کاراکاس."

ئیڤان گیل، وەزیری دەرەوەوەی ڤەنزوێلا، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند "دوای دەستدرێژییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەمان، بڕیار دراوە پرۆسەیەکی دیپلۆماسیی سەرەتایی لەگەڵ حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەست پێ بکەین."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئەم هەنگاوە، ئامانجی دامەزراندنەوەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانە لە هەردوو وڵات، بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ دەرەنجامەکانی دەستدرێژی و ڕفاندنی سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم، هەروەها کارکردن لەسەر ئەجێندایەکی بەرژەوەندیی هاوبەش."

ڕاگەیەنراوەکە، جەختی کردووەتەوە لەوەی "ئەو شاندەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە گەیشتوونەتە ڤەنزوێلا، هەڵسەنگاندنی تەکنیکی و لۆجیستی تایبەت بە کاری دیپلۆماسی دەکەن."

لە لایەکی دیکەوە فرێدی نانیێز، وەزیری پەیوەندی و زانیاریی ڤەنزوێلا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەیی 'تێلیگرام" نووسیویەتی ''دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاربەڕێکەری ڤەنزوێلا، هیچ پلانێکی نییە لە ڕۆژانی داهاتوودا گەشت بۆ دەرەوەی ڤەنزوێلا بکات." 

ئەمەش لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێل میدیاکاندا بڵاو کرابووەوە سەبارەت بە ئەگەری گەشتی سەرۆکی کاربەڕێکەری ڤەنزوێلا بۆ هەندێک وڵات.

 ئانیێز، لە پەیامەکەیدا ڕوونیشی کردووەتەوە "ئێستە هەموو هەوەڵەکانی دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاربەڕێگەری وڵات، لەسەر ئەجێندای کاروباری ناوخۆیی وڵات چڕ بووەتەوە، لە پێناو مسۆگەرکردنی مافی گەلەکەمان لە ئاشتی و سەقامگیریدا."

دوێنێ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرە گەورەکانی پیشەسازی نەوت هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، گوتی: شەپۆلی دووەمی هێرشەکانم بۆ سەر ڤەنزوێلا هەڵوەشاندووەتەوە کە پێشتر چاوەڕوان دەکرا، چونکە کار و کردەوەکانی ئەوان لەگەڵ ئەمەریکا بە باشی بەڕێوە دەچن."

سەرۆکی ئەمەریکا، ڕوونی نەکردەوە مەبەستی 'لە کار و کردەوەی باش'ی ڤەنزوێلاییەکان چییە؟