دەنگۆی "بڕینی مووچەی پزیشکان" شەقامی عێراقی دەهەژێنێت

بەغدا: گۆڕەپانی تەحریر
بەغدا: گۆڕەپانی تەحریر

بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بڕینی مووچەی ئەو پزیشکانەی کە لە کلینیکە تایبەتەکان کار دەکەن یان کلینیکی تایبەتیان هەیە، شەپۆلێک لە تووڕەیی و نیگەرانیی لەنێو هاووڵاتییاندا دروست کرد و هۆشدارییان دا لەوەی هەر هەنگاوێکی لەم چەشنە، دەبێتە هۆی پەکخستنی کەرتی تەندروستی و دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا.

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگۆیەک بڵاو بووەتەوە؛ کە گوایە ئەو پزیشکانەی کە میلاکی وەزارەتی تەندروستیی عێراقن، ئەگەر لە کلینیکی تایبەت کار بکەن یان کلینیکی تایبەتیان هەبێت، مووچە حکوومییەکانیان دەبڕدرێت. بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە کاردانەوەی توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە و هاووڵاتییان ڕەخنەی توند لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەر پلانێکی لەو جۆرە دەگرن.

بەشێکی زۆر لە چالاکوانان و هاووڵاتییان هۆشداری دەدەن کە هەر هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی کاری پزیشکان لە کەرتی تایبەت یان بڕینی مووچەکانیان، دەبێتە هۆی دروستبوونی جەنجاڵییەکی بێشومار لە نەخۆشخانە حکوومییەکان کە خۆیان لە بنەڕەتدا توانای لەخۆگرتنی ئەو هەموو چارەخوازەیان نییە.

بە گوێرەی بۆچوونی هاووڵاتییان، ئەگەر پزیشکان ناچار بکرێن تەنیا لە کەرتی حکوومی کار بکەن یان فشار بخرێتە سەریان، ئەوا چارەخواز ناچار دەبێت بۆ بینینی پزیشکێک چەندین مانگ لە نۆرەدا بوەستێت، ئەمەش کارەساتە بۆ ئەو کەسانەی تووشی حاڵەتی لەناکاو دەبن یان نەخۆشییەکانیان دەرفەتی چاوەڕوانیی نییە، لە ئەنجامدا مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر ژیانیان دروست دەکات.

شارەزایانیش پێیان وایە وڕوژاندنی ئەم بابەتانە دەریدەخات کە متمانە بە دامەزراوە حکوومییەکان لاوازە و ترسی ئەوە هەیە حکوومەت لە جیاتی چارەکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی کەرتی تەندروستی، پەنا بۆ بڕیاری لەو شێوەیە ببات کە دواجار باجەکەی هاووڵاتیی کاسبکار و چارەخواز دەیدەن.

هەر چەندە ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە ڕاگرتنی مووچەی فەرمیی ئەو پزیشکانە دەکەن کە لە کلینیکی تایبەتیان هەیە، یان لە کلینیکە تایبەتەکاندا کار دەکەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، هیچ ڕێنمایی یان بڕیارێک لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی تەندروستییەوە بەو ئاراستەیە دەرنەکراوە.

سەرەڕای ڕوونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستیی و ڕەتکردنەوەی دەنگۆیەکە، بەڵام پزیشکان و دانیشتووانی عێراق، قەلەقن و متمانەیان بە بە بەڵێنەکانی حکوومەت نەماوە، چونکە باش دەزانن هەر بڕیارێکی لەو شێوە بدرێت، سەرەتا حکوومەت بە دەنگۆی لە قەڵەم دەدات و ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام پاشان بە کەمێک دەستکارییەوە جێبەجێی دەکات.