کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلایی کرایەوە

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، محەممەد شیاع سوودانی، بە فەرمی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کشاوەتەوە و ڕێگەی بۆ نووری مالیکی خۆش کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی زۆرینەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵا وردەکاریی نوێی لەبارەی جووڵە سیاسییەکانی نێو "چوارچێوەی هەماهەنگی" ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، گۆڕانکاری لە کاندیدانی پۆستی سەرۆک وەزیراندا ڕووی داوە.

سەرچاوەکە تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بڕیاری داوە دەستبەرداری مافی خۆی ببێت لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، هەروەها لە بەرژەوەندیی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە کێبڕکێکە کشاوەتەوە".

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانێتییەکە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە سەرجەم لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕەزامەندیی خۆیان بۆ کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەربڕیوە.

سەرەڕای کۆدەنگیی زۆرینە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، تاکە کەس کە تێبینیی هەبووە، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی بووە.

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، عەممار حەکیم کاندیدبوونی مالیکی بۆ پۆستەکە ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام پێشنیازی کردووە کە پێش یەکلاکردنەوەی بابەتەکە، دەبێت پرس بە مەرجەعییەتی باڵای ئایینی بکرێت و ڕای وەربگیرێت.

لای خۆیەوە عوسمان شەیبانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، سەرجەم لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایان، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندید کرد.

 

نووری مالیکی کێیە؟

ناوی تەواو: نووری کەمال محەممەد حەسەن مالیکی.

-لە 20ـی حوزەیرانی ساڵی 1950 لە پارێزگای کەربەلا لە دایکبووە.

-هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کۆلێژی "ئوسوڵ دین" لە بەغدا.

-هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر.

-لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە کردووە.

-لە ساڵی 1979 و دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەندامانی حزبی دەعوە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، عێراقی جێهێشتووە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە لە ساڵی 2009ـەوە تا ئێستا.

 

پۆستە فەرمییەکانی نووری مالیکی

-سەرۆک وەزیرانی عێراق/ خولی یەکەم (2006 - 2010).

-سەرۆک وەزیرانی عێراق / خولی دووەم (2010 - 2014).

-جێگری سەرۆک کۆماری عێراق (2014 - 2015) و (2016 - 2018).