هاوپەیمانییەکەی: سوودانی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نەکشاوەتەوە
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ئاشکرای کرد، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بە فەرمی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەکشاوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، خالید وەلید، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، محەممەد شیاع سوودانی، ئەنجامی بەرچاو و ڕوونی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە دەست هێناوە.
هاوکات باسی لەوە کرد، لە لایەن هەندێک لایەنەوە، هەوڵێک هەیە بۆ بەدناوکردن و لەکەدارکردنی کارەکانی حکوومەت و ئەو دەستکەوتانەی بە دەست هاتوون.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی، هێشتا لە گفتوگۆ و ڕاوێژدایە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
خالید وەلید، ئاشکرای کرد، هەر چەندە سوودانی پاڵپشتێکی گەورەی و ڕاستەقینەیە بۆ نووری مالیکی، بەڵام هێشتا بە فەرمی لە کاندیدبوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق نەکشاوەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە، سەرەڕای ئاڵنگارییە ئابووری و گەشەپێدانەکان کە وا دەخوازێت سەرچاوەکان داهاتی دەوڵەت جگە لە نەوت، بەهێزتر بکات.
لە لایەکی دیکەوە محەممەد جەمیل مەیاحی، سەرۆکی فراکسیۆنی خەدەمات لە پەرلەمانی عێراق، بە مێدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران بەردەوامن، بەڵام نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، چانسێکی باش و زۆری هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.
سەرۆکی فراکسیۆنی خەدەمات لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا زۆر زووە بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی حێراق و سێ هەفتە ماوە تاوەکقو ئەم دۆسیەیە کۆتایی دێت.
جەختی لەوەش کردەوە، یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبێت.
بە پێی ماددەی 72ـی دەستووری عێراق، پەرلەمان 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ. دوای هەڵبژاردنیشی، سەرۆک کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ.