بڕیارێکی عێراق کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕەکان دروست کردووە

جێبەجێکردنی %100ـی بڕیارێکی نوێی حکوومەتی عێراق تایبەت بە هاوردەکردن، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕەکان دروست کردووە. 

بە گوێرەی ئەو بڕیارە، دەبێت بازرگانان پێش گەیشتنی ئەو کەلوپەلانەی لە دەرەوە هاوردەیان کردووە، گومرک بدەن و ڕێژەی گومرکەکەشی بۆ %30 بەرز کردووەتەوە.

مستەفا ڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردەکارانی کوردستان، دەڵێت: کاڵا ئەورووپایی و تورکییەکان لە مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکرێن و کاڵا ئێرانییەکانیش لە مەرزی باشماغەوە دەهێنرێن. بەڵام کاڵا چینی و هەندێ وڵاتی دیکە، لە بەسرەوە دەهێنرێنە عێراق. 

مستەفا ڕەحمان، گوتیشی: ئێمە ئەگەر بەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق پابەند بین، ئەوا نرخی کاڵاکان زۆر بەرز دەبنەوە. حکوومەتی عێراق دەیەوێت سەرجەم مەرزەکانی عێراق و کوردستان کۆنترۆڵ بکات؛ لە ڕاستیدا هەوڵ دەدات دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە و بۆ ئەوەی هەموو شتێک لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت.

ئێستا لە بازاڕەکاندا بە ئاشکرا بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان دیارە، ئەوەش لەسەر گیرفانی هاووڵاتییانە. 

ڕەنجە محەممەد، بازرگانی کاڵای ئەلیکترۆنی، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە ئێستا ناوێرین کاڵای زۆر هاوردە بکەین، چونکە ئەگەر بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق جێبەجێ بکرێت، ئەوا هاوردەی کاڵاکان لەسەر ئێمە گران دەکەون و ناچارین بە گران بیانفرۆشین. خۆ ئەگەر بڕیارەکەش جێبەجێ بکرێت، ئەوا کاڵایەکی زۆرمان بەسەردا دەمێنێتەوە و ناچارین هەرزانفرۆشیان بکەین و دیسانەوە زیانمان پێ دەگات.

یەکێتیی هاوردە و ناردەکارانی کوردستان، داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەن، لە کاتی گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، پێداگریی لەسەر چارەکردنی ئەم گرفتە ئابوورییە بکەن.