سوپای عەرەبیی سووریا ڕۆژهەڵاتی حەلەبی بە ناوچەی سەربازی ڕاگەیاند

سوپای عەرەبیی سووریا ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر دێر حافر، مەسکەنە و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکات

تانکی سوپای عەرەبیی سووریا (وێنە: ئەرشیف)
تانکی سوپای عەرەبیی سووریا (وێنە: ئەرشیف)

سوپای عەرەبیی سووریا چەند ناوچەیەکی لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بە ناوچەی سەربازیی ڕاگەیاند و ئەگەر هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوچەکان هەیە، ناوچەکان لە کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا ڕاگەیەندراوەکەی بە نەخشە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، بە دیاریکراوی ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەری بە ناوچەیەکی سەربازیی داخراو دەستنیشان کراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سوپای سووریا بڕیاری داوە ئەو ناوچانەی بە ڕەنگی سوور لەسەر نەخشەکە دیاریکراون، ڕێگەی چوون و گەڕانەوەی لێ قەدەغە بکات. داواشی لە هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە بۆ پاراستنی گیانیان لە بارەگا و شوێنەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوور بکەونەوە.

هەروەها داوا پاشەکشە و چۆڵکردنی دەستبەجێ ناوچەکەی لە هێزەکانی هەسەدە کردووە، بۆ ئەوەی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بکەن، ئەم ڕاگەیەندراوەی سوپای عەرەبیی سووریا لە دوا هێرشەکەکان و شەڕوپێکدادانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی ناوەندی شاری حەلەب دێت.

نەخشەی ئەو ناوچانەی سوپای عەرەبیی سووریا بە ناوچەی سەربازی و قەدەغە دیاری کردوون