ڕووسیا دەیەوێت تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا وێران بکات
بەرپرسانی ئۆکرانی ڕایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ڕووسیا بە درۆن و فڕۆکە و مووشەک، هێرشێکی گەورەی کردووەتە سەر تۆڕەکانی کارەبا لە شارەکانی ئۆدیسا و خارکیڤ.
سێشەممە، 13 کانوونی دووەم، 2026، ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەدت پرێس، لە زاری بەرپرسانی ئۆکرانییەوە بڵاوی کردەوە "بۆ دووەم جار لە ماوەی چوار ڕۆژدا ڕووسیا، هێرشێکی گەورەی کردووەتە سەر تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا لە شارەکانی ئۆدیسا و خارکێڤ. هێرشەکە، جگە لە زیانی ماددیی زۆر، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم شەش کەس و برینداربوونی 11 کەسی دیکە."
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاند "ڕووسیا، بە نزیکەی 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 18 مووشەکی بالیستیک و حەوت مووشەکی کرووز، هێرشی کردووەتە سەر هەشت هەرێمی وڵاتەکەمان، لە ئەنجامدا چوار کەس لە هەرێمی خارکیڤ کوژران و کارەبای سەدان هەزار ماڵیش لە هەرێمی کیێڤ پچڕا؛ لە کاتێدا پلەی گەرمی لە پایتەخت -12 پلەی سیلیزی بوو."
چوار ڕۆژ پێشتر، ڕووسیا بە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان مووشەک، هێرشێکی شەوانەی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بۆ دووەم جار لە شەڕەکەدا، مووشەکێکی نوێی بەهێزی هایپەرسۆنیکی 'خێراتر لە دەنگ' بەکارهێنا کە لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیای دا، ئەمەش وەک هۆشدارییەکی ئاشکرای مۆسکۆ بۆ هاوپەیمانانی کیێڤ لە ناتۆ، لێک دەدرێتەوە بەوەی کە ڕووسیا لە ئۆکرانیا پاشەکشە ناکات.
دوێنێ، دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕووسیای بە گەرمکردنی بێپاساوی جەنگی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد، لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ هەوڵی بەرەوپێشبردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوانیاندا دەدات.
تۆمی بروس، جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند "واشنتۆن نیگەرانە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی سەرسوڕهێنەری قوربانیان لە ململانێکەدا و سەرکۆنەی هێرشە چڕەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە و ئابووریی ئۆکرانیا دەکات."
بەرپرسانی ئۆکرانی دەڵێن: ڕووسیا هەوڵ دەدات هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا لە کارەبا و ئاوی خواردنەوە لە مانگە ساردەکانی زستاندا بێبەش بکات، بەو هیوایەی توانای خۆڕاگرییان لاواز بکات.