سیپان شێروانی وەڵامی عەدنان کینانی دەداتەوە

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ئیسرائیل چەواشەکارییە و پێویستە وەزارەتی نەوت ڕێکاری یاسایی بگرێتە بەر

سیپان شێروانی
سیپان شێروانی

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامێکی توندی عەدنان کینانی سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستانی کردووە دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هەناردەکردنی نەوت بۆ ئیسرائیل، پرۆپاگەندەیەکی بێبنەمایە و نەک هەر زیان بە ناوبانگی هەرێم، بەڵکو زیان بە دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراقیش دەگەیەنێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەیامێکدا ڕەخنەی توند لە لێدوانەکانی عەدنان کینانی دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، ناوبراو جارێک وەک نووسەر، جارێک وەک شارەزا و جارێکی تریش وەک شیکەرەوەی سیاسی دەردەکەوێت، کە ئەم فرەناونیشانییە گوزارشت لە قووڵی مەعریفە ناکات، بەڵکو هەوڵێکە بۆ داپۆشینی بۆشایی زانیاری و تێپەڕاندنی وتارە بێ بنەماکانی.

شێروانی جەختی لەوە کردەوە کە، پرۆپاگەندەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل، تۆمەتێکی مەترسیدار و دوورە لە ڕاستی، چونکە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەپێی ڕێککەوتنی فەرمی و ڕوونی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەڕێوەدەچێت، هەروەها ڕوونیکردەوە، پرۆسەی بەبازاڕکردنی نەوت تەنیا لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆوە دەکرێت کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم جۆرە تۆمەتانە تەنها سووکایەتی نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ڕاستەوخۆ کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەوەی، مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن، ئەمەش چەواشەکارییەکی مەترسیدارە و هیچ بەڵگەیەکی لەپشت نییە.

 شێروانی پێیوایە، ئەم لێدوانانە خزمەت بە ڕاستی و دەوڵەت ناکەن، بەڵکو تەنیا بۆ زیندووکردنەوەی زمانی تایفی و بەکارهێنانی دۆسیە سیادییەکانە بۆ موزایەدەی میدیایی هەرزان.
دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستا بەپێی یاسا و ڕێککەوتنەکان، سەرجەم هەناردە و فرۆشتنی نەوتی عێراق لەوانەش نەوتی هەرێم، لە ژێر چاودێری و بەرپرسیارێتی کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆدایە بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت و پاراستنی سەروەریی دارایی و سیاسی وڵات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سیپان شێروانی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ کرد کە ڕێکاری یاسایی ڕوون و توند بەرانبەر ئەم جۆرە پرۆپاگەندانە بگرنە بەر، بە مەبەستی بەرگریکردن لە ڕاستی و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەو شێواندنە ئەنقەستەی کە بەرانبەریان دەکرێت.