رێباز حەملان: سەرۆک بارزانی رۆڵی لە چارەکردنی کێشەکانی گەلی کورد لە گشت پارچەکانی کوردستاندا هەیە
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، رۆڵی سەرۆک بارزانی، وەک مەرجەع و کەسایەتییەکی کاریگەر، لای سەرکردەکانی وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاشکرایە و دەزانن بۆ چارەکردنی کێشەکانی گەلی کورد لە گشت پارچەکانی کوردستاندا، دەبێت بگەڕێنەوە لای جەنابیان.
رێباز حەملان، گوتیشی: سەرۆک بارزانی هەمیشە رۆلی ئەو رێبەرە گەورەیەی گێڕاوە کە بتوانێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە مافەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بە گوێرەی یاسا و دەستوور، بچەسپێندرێت.
هەروەها گوتی: ئێستا سەردەمێکی نوێی خەباتە ئەویش دانوستان و خەباتی دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی چیتر گەلەکەمان تووشی کۆمەڵکوژی نەبێتەوە.
ریباز حەملان، جەختی کردەوە "هەرێمی کوردستان لە رووی جوگرافی و مێژووییەوە قورساییەکی گرنگی بۆ ناوچەکە و جیهان هەیە، بە تایبەتی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان و بوونی سەرۆک بارزانی وەک بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلەکەمان. ئەمەش لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک بۆ شەرناخ بە ڕوونی دەرکەوت."
ئەو، گوتی: مەرسوومەکەی دوێنێی سەرۆکی سووریا دەربارەی داننان بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کورد لە سووریا، بێگومان کاریگەریی هەوڵەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی لەسەرە. ئێستاش کە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هەولێرە و دەربارەی چارەکردنی کێشەی ڕۆژئاوا لەگەڵ جەنابی بارزانی گفتوگۆ دەکات، دیسانەوە سەلمێنەری ئەو کاریگەریەیە، کە جەنابیان هەیەتی.