هەسەدە: لە دەوروبەری ڕەسافە و ڕۆژئاوای ڕەققە شەڕ بەردەوامە

هەسەدە ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان و ئەنجامدانی ناپاکی لە کاتی پرۆسەی کشانەوەدا لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە، ئێستا پێکدادانی توند لە میحوەری دەبسی عەفنان و شاری ڕەسافە بەردەوامە و گوندەواری ڕەققەش تۆپباران دەکرێت.

شەممە 17ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا دۆخی مەیدانیی ناوچەکانی ڕەققە و دەوروبەری ئاشکرا کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەسەر میحوەری دەبسی عەفنان و دەوروبەری شاری ڕەسافە، پێکدادانی توند لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریاوە بەردەوامە. هەسەدە ئەو سوپایە تۆمەتبار کردووە بەوەی کە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەیان پێشێل کردووە و لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی کشانەوەدا، غەدر و ناپاکییان لە هێزەکانمان کردووە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەش داوە، هاوکات لەگەڵ ئەو پێکدادانانە، گوندەواری ڕۆژئاوای شاری ڕەققە ڕووبەڕووی بۆردوومانی بەردەوامی تۆپخانە و مووشەکی بووەتەوە و هێزەکانی دیمەشق چەکی جۆراوجۆر دژی ناوچەکە بەکاردەهێنن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، شەڕڤانانی هەسەدە ئێستا سەرقاڵی شەڕێکی سەختن و بەردەوامن لە تێکشکاندنی ئەو هێرشانە، هاوکات هێڵەکانی بەرگرییان بەهێز کردووە و لە ئامادەباشیی تەواوی جەنگیدان.