سبەی وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئێران دەکات
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، سبەی فوئاد حوسێن، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، هەماهەنگیی هاوبەش و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئەو وڵاتە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: سبەی یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئێران.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، کە سەردانەکە ماوەی یەک ڕۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا فوئاد حوسێن، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێران ئەنجام دەدات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە بریتییە لە ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕ و پڕ سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران، هەروەها تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا.