ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا: سوپای عەرەبیی سووریا ماڵی هاووڵاتییانیان دەکەنە ئامانج
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، سوپای عەرەبیی سووریا ماڵی هاووڵاتییانیان لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی ڕەققە کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە؛ ئاسایش داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات.
شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سوپای عەرەبیی سووریا بە چەک ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندی غانم عەلی لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەققە کردووەتە ئامانج و بە هۆییەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە.
ئاسایش ئەو هێرشەی بە توندی سەرکۆنە کردووە و ڕایگەیاندووە: ئەم تاوانە دووبارانە نیشانەی بێباکییەکی ڕوونە بەرانبەر ژیانی مەدەنییەکان و دەچێتە خانەی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی بەرانبەر خەڵکی ناوچەکە دەکرێن، لە سایەی بێدەنگییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تەواوی بەرپرسیارێتی ئەو تاوانەی خستووەتە ئەستۆی سوپای عەرەبی سووریا و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مافپەروەرەکان کردووە، لێکۆڵینەوەی بەپەلە و شەفاف دەستپێبکەن و سنوورێک بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی بێتاوان دابنێن.