رێورەسمی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا یەکخستنی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرمی رادەگەیەنرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رێورەسمەکە لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێم لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، تێیدا هەنگاوە سەرەکی و کۆتاییەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەخرێنەڕوو.

ئەم راگەیاندنە فەرمییەی سەرۆکایەتیی هەرێم پاش ئەوە دێت کە رۆژی 10ـی ئەم مانگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەت ڕاگەیاند.

وەزیری پێشمەرگە پێشتر ئاشکرای کردبوو کە تەواوی هێزەکانی سەر بە هەردوو یەکەی (70 و 80) لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، لە چوارچێوەی هەیکەلییەتی سەربازیی هاوچەرخدا (لیوا، فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) بەتەواوی ڕێکخراونەتەوە.

شۆڕش ئیسماعیل سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی بە "مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی نیشتمانیی مەزن بۆ خەڵکی کوردستان" وەسف کرد، کە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە بەرەو دامەزراندنی سوپایەکی نیزامی، یەکگرتوو و نیشتمانی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.