نێچیرڤان بارزانی و سەرکردەکانی ڕۆژئاوا: گفتوگۆ تاکە ڕێگەی گونجاوە بۆ چارەکردنی کێشەکان

سەرۆکی هەرێمی کوردسان، پێشوازیی لە فەرماندەی هەسەدە و سەرۆکی ئەنەکەسە کرد، هاوکات لە میانەی کۆبوونەوەی نێوانیان، نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی، ئاڵۆزییەکان و چەسپاندنی ئاشتی تاوتوێ کرا.

شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، محەممەد ئیسماعیل، سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی کورد له‌ سووریا (ئەنەکەسە) و شاندێكى ياوه‌ريان کۆبووەوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوایین پێشهاتە مەیدانییەکان، بە تایبەتی ئەو پێکدادانە سەربازییانەی کە لەم دواییانەدا لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕوویان داوە. لەم ڕووەوە، هەردوولا جەختیان لەسەر زەروورەتی "چەسپاندنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە گرژیی سەربازی و توندوتیژی" کردەوە، وەک هەنگاوێکی بە پەلە بۆ پاراستنی دۆخی ئێستای سووریا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دیدگەكان لەسەر ئەوە یەکیان گرتەوە کە گفتوگۆ تاکە ڕێگەی گونجاو و دروستە بۆ چارەکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە کار بۆ بەدیهێنانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سووریای نوێدا بکرێت.

گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوی کردەیی و پلانی ئاییندەیی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و شاندی میوان بوو.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی میوان (هەسەدە و ئەنەکەسە)، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵ و هەوڵە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی. شاندەکە ستایشی جووڵە دیپلۆماسییەکانی ناوبراویان کرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی "پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژی و ئاڵۆزییەکان."