لیژنەی دەرەوەی کۆنگرێس بۆ شەرع: کورد هاوبەشی ئێمەن

لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ، لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، گەلی کورد هاوبەش و دۆستێکی جێگیری ئەمریکان و پێویستە حکوومەت لەبری شەڕکردن لەگەڵیان، چاو لەوان بکات و کار بۆ داهاتووی وڵات بکات.

شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (House Foreign Affairs Committee Majority) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کرد.

لیژنەکە ڕایگەیدن: گەلی کورد ماوەیەکی درێژە خەبات دەکەن لەپێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا و هەمیشە هاوبەشێکی جێگیر و بەوەفای ئەمریکا بوون.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا هۆشداری دراوەتە سەرۆکی سووریا و ئاماژەی داوە: کاتی ئەوە هاتووە شەرع، شوێنپێی کورد هەڵبگرێت و کار بۆ داهاتووی وڵاتەکەی بکات، لەبری ئەوەی شەڕ دژی گەلی کورد بکات.

ئەو لیژنەیە جەختیشی لە پەیامەکەی سێنتکۆم کردووەتەوە و کە تێیدا ئاماژەی دابوو، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە ڕاگەیەنراوێکدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سووریا خستەڕوو.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: پێشوازی لەو هەوڵە بەردەوامانە دەکەین کە لە لایەن سەرجەم لایەنەکانەوە لە سووریا دەدرێن بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەر لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، سێنتکۆم بە ڕوونی داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات و دەڵێت: داوا لە سوپای عەرەبیی سووریا دەکەین کە کۆتایی بە هەر جۆرە هێرش و کردەیەکی سەربازی بهێنێت لە ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقە.