توێژینەوەیەک: قاوە کاریگەریی لەسەر پەستانی دڵ هەیە

توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە کە ماددەی "کافایین"، ئەو پێکهاتە تاڵ و هاندەرەی لە قاوە و هەندێک جۆری چادا هەیە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە شێوەیەکی کاتی، بەتایبەت لەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی بەردەوام کافایین دەخۆنەوە. 

بە گوێرەی راپۆڕتێک کە لە ماڵپەڕی (Health)ی تەندروستی بڵاو کراوەتەوە، توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی قاوە بە بڕێکی مامناوەند و بەردەوام، کاریگەری نەرێنی لەسەر پەستانی خوێن دروست ناکات.

قاوە و پەستانی خوێن

لە راپۆڕتەکەدا هاتووە، چەندین هۆکار هەن کە کاریگەریان هەیە لەسەر ئەوەی قاوە چۆن کار لە پەستانی خوێن دەکات، لەوانە بڕی کافایین و خوراوەک و شێوازی ژیانی کەسەکە:

خواردنەوەی ناوبەناو و کەم: پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی "پەستانی خوێنی بەرز" هەیە.

خواردنەوەی مامناوەند و بەردەوام (1 تا  3 کوپ لە ڕۆژێکدا): کاریگەری نەرێنی لەسەر پەستانی خوێن نابێت و مەترسیی تووشبوون بە پەستانی خوێن لە زۆربەی کەسەکاندا زیاد ناکات، بەتایبەتی لە ناو ئافرەتان و ئەو کەسانەی جگەرە ناکێشن.

چەندین لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە ئەگەر کافایین بە بڕێکی گونجاو بەکاربهێنرێن، هیچ مەترسییەکی ئەوتۆیان بۆ سەر پەستانی خوێن نییە. زانایان تا ئێستاش لە توێژینەوەدان بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی خواردنەوەی بەردەوامی قاوە نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

مەترسییەکانی کافاین چیین؟

کافاین ئەگەر بە بڕی مامناوەند بخورێتەوە زیانی بۆ تەندروستی گشتی نییە، بەڵام خواردنی زیاتر لە 400 ملیگرام لە ڕۆژێکدا ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بە لێکەوتە نەرێنییەکان زیاد بکات. ئەو کەسانەی ڕانەهاتوون بە خواردنەوەی قاوە، زیاتر تووشی نیشانە نەرێنییەکان دەبن.

لێکەوتە نەرێنییەکانی خواردنەوەی قاوە و کافایین:

- خێرا لێدانی دڵ.
- دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی.
- کەمخەوی .
- هێڵنج و ڕشانەوە.
- لەرزینی دەست و تێکچوونی هاوسەنگی.
- زیاد میزکردن.
- بێزاری و بێ ئۆقرەیی.


کێ پێویستە لە خواردنەوەی کافایین دوور بکەوێتەوە؟
بە گوێرەی راپۆڕتەکە زۆربەی خەڵک دەتوانن بە سەلامەتی قاوە بخۆنەوە، بەڵام پێویستە ئەم گرووپانە بڕەکەی کەم بکەنەوە یان بە تەواوی لێی دوور بکەونەوە:

1.    ئافرەتانی دووگیان: کافاین دەتوانێت لە ڕێگەی وێڵاشەوە بگاتە کۆرپەلە. پێشنیار دەکرێت بڕی کافایین بۆ کەمتر لە 200ملیگرام (نزیکەی  1 تا 2 کوپی بچووک) لە ڕۆژێکدا کەم بکرێتەوە.

2.    ئەو کەسانەی هەستیارییان بە کافایین هەیە: ئەوانەی زوو تووشی سەرئێشە و دڵەڕاوکێ دەبن.

3.    ئەو کەسانەی ناڕێکی لێدانی دڵیان هەیە.

4.    ئەوانەی برینی گەدە یان کێشەی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیان هەیە.

5.    توشبووان بە پەستانی خوێنی زۆر بەرز.

6.    ئەو کەسانەی دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنن: وەک دەرمانی ڕەبو، هەندێک دژەبەکتریا و دەرمانی دڵ. پێویستە لەم حاڵەتەدا راوێژ بە پزیشک بکرێت.

ئایا قاوە سوودی بۆ تەندروستی دڵ هەیە؟

بە گوێرەی توێژینەوەکان، خواردنەوەی 1 بۆ 3 کوپ قاوە لە رۆژێکدا نەک تەنیا زیانی نییە، بەڵکو ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی دڵ لە نەخۆشییەکان. خواردنەوەی مامناوەندی قاوە پەیوەندی هەیە بە کەمبوونەوەی مەترسیی سستبوونی دڵ و کەمبوونەوەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران دەڵێن هێشتا بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر پەیوەندی نێوان قاوە و نەخۆشییەکانی شا خوێنبەری دڵ  لەبەردەستدا نییە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە.