وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە تاران

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانـی پایتەختی ئێران.

بڕیارە لە میانەی سەردانەکەیدا، وەزیر لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئێران کۆببێتەوە.

تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانی فوئاد حوسێن بریتی دەبن لە تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرژییەکانی ئێستا، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی پتەوکردنی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی گفتوگۆی ناوچەیی.

دوای پێشوازی لێکردنی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، فوئاد حوسێن لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتینە تارانی پایتەخی ئێران، لە میانەی سەردانەکەدا ژمارەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆکی ئەنجوومەنی شورا و وەزیری دەرەوە ئەنجام دەدەین."