ڕوانگەی سووری بۆ کوردستان24: گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرە زوور کەوتە بندەستی سوپای عەرەبی سووریا

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند؛ گۆڕانکاریی خێرا لە نەخشەی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی سووریا هاتووەتە ئاراوە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور بەتەواوی کەوتوونەتە ژێر دەستی سوپای عەرەبی سووریا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕوانگە ئاماژە بەوە دەدات؛ دۆخی شارۆچکەی تەبقە ناجێگیرە و نزیکەی 75%ـی رووبەری شارۆچکەکە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا. ئەم پێشڕەوییانە لە کاتێکدایە کە باس لە "خیانەت" دەکرێت لە ناوو ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە شێوەیەک کە ژمارەیەک لە ئەندامانی عەرەب لە نێو ئەو هێزەدا بەرەی جەنگیان جێهێشتووە.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی و مرۆیی، مەترسییەکی گەورە لەسەر زیندانەکانی رەققە دروست بووە، کە زیاتر لە دوو هەزار چەکداری داعشی تێدا بەندکراوە. هاوکات بەهۆی پێکدادانەکان و گۆڕانی بارودۆخەکە، شەپۆلێکی ئاوارەبوونی دانیشتوانی رەققە بەرەو ناوچە ئارامەکان دەستی پێکردووە.

سەبارەت بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی، تا ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ وەڵامێکی فەرمی یان کاردانەوەیەکی سەبارەت بە داواکارییەکانی هەسەدە و ڕووداوەکانی ئەمڕۆی سووریا نیشان نەداوە.