ئەحمەد شەرع: تەواوی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەسەدە چارە دەکەین

سەرۆکی سووریا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نەخشەڕێگەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، دەوڵەت ئیدارەی سەرجەم ناوچە و جوگرافیای سووریا دەکات.

یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕیار بوو ئەمڕۆ پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەم، بەڵام بەهۆی نالەباریی دۆخی کەشوهەوا و ئاستەنگی هاتووچۆوە، کۆبوونەوەکە بۆ سبەی دواخراوە.

لە بارەی چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکان، شەرع جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراو و ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات چارە دەکرێن.

ئەحمەد شەرع دووپاتی کردەوە، کە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی دێرەزوور، ڕەققە و حەسەکە و دەست بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان دەکەنەوە.