بە هەماهەنگی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 170 کۆچبەری عێراقی لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە

ئەحمەد سەحاف، کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە لیبیا رایگەیاند، حکوومەتی عێراق ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی 173 کۆچبەری عێراقی، کە بە شێوەی نایاسایی چوونەتە نێو خاکی لیبیاوە.

ئەحمەد سەحاف ئاشکرای کرد، پرۆسەی گەڕاندنەوەکە لە رۆژانی 21 و 22ـی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەت دوو فرۆکەی جۆری  C130ـی تەرخان کردووە.

کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی عێراق روونی کردەوە، ئەم هەنگاوە بەفەرمانی حکوومەتی عێراق بووە، ئەمەش وەک پاڵپشتیی پرۆسەی "گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە"ـی هاووڵاتییانە.

سەبارەت بە دۆخی کۆچبەرەکان، ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوە دا، ئەو هاووڵاتییانە بوونەتە قوربانیی دەستی تۆرەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، جەختیشی کردەوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس سەرجەم رێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە و لە ماوەی مانەوەشیاندا لە سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، هاوکاریی مرۆیی وەک (خۆراک، دەرمان و پێداویستی ناوماڵ)ـی بۆ دابین کردوون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد سەحاف گوتی، پرۆسەکە بە بەدواداچوونی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، هاوکات تیمێکی پزیشکیی تایبەتمەند یاوەریی کۆچبەرەکان دەکەن لەکاتی گواستنەوەیاندا بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان.