سەدر داوای چالاککردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکات
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026، پەیامێکی سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری لە مەترسیی شکانی زیندانەکان و ئازادبوونی تیرۆریستە مەترسیدارەکان دا.
سەدر لە چوارچێوەی 9 خاڵدا، نەخشەڕێگەیەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق خستە ڕوو و داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین پلە بەرز بکەنەوە.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا کرد، زیندانییە عێراقییە مەترسیدارەکان ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکەنەوە، هاوکات داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، فشار بخاتە سەر وڵاتی ئوردن بۆ ئەوەی دەستبەجێ سەرکردە و ئەندامانی حزبی بەعس ڕادەست بکاتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، بەڵگەی هەماهەنگی لە نێوان پاشماوەکانی بەعس و گروپە توندڕەوەکاندا هەیە.
یەکێکی دیکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی سەدر، کاراکردنی دەستبەجێی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە بە مەبەستی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان و زیندانەکان لە هەر هێرشێکی چاوەڕواننەکراودا.
سەدر جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی چاوکراوەیدا بن و ڕێگە نەدەن هیچ خاوەنی خەمساردییەک لە ڕیزەکانیاندا هەبێت، هاوکات داوای لە فەرماندە سەربازییەکان کرد بە وردی چاودێری سنوورەکان و دەروازەکان بکەن.
موقتەدا سەدر حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتە خۆجێییەکانی بە بەرپرسیاری یەکەم زانی لە هەر پێشێلکارییەکی سنووری، وەک قاچاخکردنی چەک و دزەکردنی تیرۆریستان.
لە لایەکی دیکەوە، داوای لە گەلی عێراق کرد، دوور بکەونەوە لە هەر فیتنەیەکی تایفی و هەر جووڵەیەکی گوماناوی بە دەزگا ئەمنییەکان ڕابگەیەنن. هەروەها داوای لە مامۆستایانی ئایینی کرد لە وتارەکانیاندا جەخت لەسەر هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسیی تیرۆر بکەنەوە.
لە پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر داوای کرد وردبینی و لێکۆڵینەوەی توند لەبارەی ئامادەبوونی هاووڵاتییانی سووری لە ناو خاکی عێراقدا بکرێت، ئەم هەڵوێستەی سەدر دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سووریاوە، چەندین زیندانی داعش لە کۆنترۆڵ دەرچوون، ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی پارێزگاکانی هاوسنووری عێراق دروست کردووە.