مەزڵووم عەبدی: دیمەشق وەڵامی هیچ دەستپێشخەرییەکی ئاگربەستی نەداوەتەوە
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "هاوار"، زەنگی مەترسی لێ دەدات سەبارەت بە دۆخی ئەمنی کەمپی هۆل و زیندانەکانی داعش و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هێرشی تانک و زرێپۆشەکانەوە پاسەوانانی کەمپی هۆل ناچار بە کشانەوە کراون.
سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی "هاوار"، وردەکاریی دوایین پێشهاتە مەیدانییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، هێرشەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار بۆ سەر گرتووخانەکانی تایبەت بە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە شەدادی و کەمپی هۆل پەرەیان سەندووە.
عەبدی ئاماژەی بەوە دا، لە ئێوارەی دوێنێوە کەمپی هۆل ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی تووند و هەوڵی کۆنترۆڵکردن بە زەبری هێز بووەتەوە. بە گوتەی فەرماندەکەی هەسەدە: "پاسەوانانی کەمپی هۆل ڕووبەڕووی هێرشی زرێپۆش و تانک و کاروانی سەربازی بوونەتەوە، کە بەو هۆیەوە ناچار بوون پاشەکشە بکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەزڵووم عەبدی تیشکی خستە سەر هەڵوێستی حکوومەتی دیمەشق و ڕایگەیاند، حکوومەتی سووریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و دەوروبەری، هەروەها شاری کۆبانێ. ئەوەشی خستەڕوو کە دیمەشق وەڵامی هیچ یەکێک لەو دەستپێشخەرییانەی بۆ ئاگربەست نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا خراونەتەڕوو.
سەبارەت بە جووڵە سەربازییەکانی هەسەدە، عەبدی ڕوونی کردەوە: "کشاوینەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن؛ پاراستنی ئەو ناوچانە بۆ ئێمە هێڵی سوورە و لە بەرگریکردن لێیان سڵ ناکەینەوە."هاوکات سڵاوی ئاراستەی خۆڕاگریی دانیشتووان و شەڕڤانان کرد لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی "هێرشی دڕندانە و کوشتنی سیستماتیک" دەبنەوە.
هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی گرتووخانەکانی داعش لە ئەستۆ بگرێت و، داواشی لە حکوومەتی سووریا کرد هێرشەکان ڕابگرێت و بۆ چارەکردنی دۆخەکە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.