سوودانی بڕیار دەدات پێویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەموو پشتیوانییەکی هیزی پێشمەرگەی کوردستان بکرێت کە ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانە.

ڕۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی نائاسایی کرد. 

کۆبوونەوەکە بە ئامانجی تاووتوێکردنی گۆڕانکارییە خێراکانی ناو خاکی سووریا و ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانە بوو کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری دەرەوە، فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەی بوون، جەخت لەسەر پاراستنی تەواوەتیی سنوورە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە. 

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دڵنیایی دا کە سنوورەکانی عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتی سووریا، بە تەواوی توند کراون و هێزە ئەمنییەکان توانایەکی بەرزیان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردن بۆ ناو خاکی وڵات.

سەبارەت بە مەترسییەکانی تیرۆر، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، گروپە تیرۆریستییەکان دوای وەرگرتنی گورزی کوشندە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئێستا هیچ توانایەکیان نییە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە، چ لەسەر سنوورەکان و چ لە ناو شارەکاندا،هاوکات فەرمانی کرد کە بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک ببنەوە کە ئاسایشی سنوورەکان بخاتە مەترسییەوە و جەختی لە بەردەوامیی چاودێریی وردی شریتی سنووری کردەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە تێیدا سوودانی ڕێنمایی دا هەموو پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە دابین بکرێت و پشتیوانیی تەواویان لێ بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

لە ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکەشدا، کۆبوونەوەکە جەختی لە گرنگیی سەقامگیریی سووریا کردەوە و داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی کرا کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بکەن بۆ وەستاندنی هەموو جۆرە شەڕ و توندوتیژییەک لە سووریا،هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو سووریا کرا کە کۆنترۆڵی زیندانەکان توندتر بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەڵاتنی تیرۆریستییەکان.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و حکوومەتی عێراق ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی بەهێزکردنی ژێرخانی ئەمنیی سنوورەکانە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک.