ڕێزان حەمەساڵح: عەنکاوە ڤاتیکانی بچووکە

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ئاشکرای دەکات، پاپای ڤاتیکان و بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا ڕێز و پێزانینێکی زۆریان بۆ سەقامگیری و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان هەیە و پاپا عەنکاوە بە "ڤاتیکانی بچووک" وەسف دەکات.

ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، وردەکاریی تێڕوانینی پاپا فرانسیس و دەسەڵاتدارانی ڤاتیکانی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پاپای ڤاتیکان ستایش و پێزانینێکی زۆری هەیە بۆ ئەو پێکەوەژیان و ئارامییەی لە هەرێمی کوردستاندا بەرجەستەیە. ڕێزان حەمەساڵح ئاماژەی بەوە دا، پاپا ڕووی دەمی کردووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گوتوویەتی: من دەبێت سوپاسی ئێوە و سوپاسی بەرپرسانی کوردستان بکەم، دەبێت سوپاسی میللەتی کورد بکەم.

ئەم سوپاسگوزارییەی پاپا پەیوەست بووە بەو هەڵوێستە مرۆیی و نیشتمانییەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت بەرانبەر بە خوشک و برا مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە نواندوویانە.

لەسەر گرنگیی پێگەی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕێزان حەمەساڵح ئاماژەی بە قسەیەکی پڕ مانای پاپای ڤاتیکان کرد کە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتووە: لای ئێمە دەڵێن وەرن بۆ حەج بۆ ڤاتیکان، بەڵام ڤاتیکانی بچووک عەنکاوەیە، ئەویش لە هەرێمی کوردستانە.

بە گوتەی نوێنەری حکوومەت، ئەم وەسفەی پاپ فرانسیس مانایەکی سیاسی و مەعنەویی گەورەی هەیە و وەک دانپێدانانی ملیارێک مەسیحیی جیهانە بەو ئارامییە، چونکە چاوی جیهانی مەسیحیەت لەسەر دەمی پاپ و ڤاتیکانە.

ڕێزان حەمەساڵح جەختیشی کردەوە کە جگە لە پاپا، بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیاش بە هەمان شێوە پشتیوانی لەو نموونە جوانەی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکەن کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بە چاوی ڕێزەوە لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڕوانن.