ئەمڕۆ 80 ساڵ بەسەر راگەیاندنی کۆماری مەهاباد تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری مهاباد تێدەپەڕێت، کۆمارێک، ئەگەرچی تەمەنی تەنیا 11 مانگ بوو، بەڵام میراتێکی بە نرخی بۆ نەوەکانی دواتر بەجێهێشتووە کە تا ئێستاش کورد شانازییان پێوە دەکات.
لە رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1946ـی زایینی بەرامبەر بە 2ـی رێبەندانی 1325ـی هەتاوی، لە گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد و بە بەشداریی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، یەکەمین کۆماری مهاباد بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد راگەیەندرا.
گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان:
- ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان.
- پێکھێنانی سوپای میللی و ناوی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا.
- بایەخدان بە زمانی کوردی و دامەزراندنی چاپخانە و بڵاوکردنەوەی کتێب و پەرتوک و رۆژنامە و پەوەردە و قوتابخانە بە زمانی کوردی.
- بایەخدان بە پرسی ئافرەتان و دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بە ئافرەتان و هاندانیان بۆ ئەوەی بچنە بەر خوێندن.
لەم ماوە 11 مانگدا، جیا لە دامەزراندنی حوکمڕانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری مەهاباد، خوێندن و پەروەردە کرایە کوردی، چاپخانە هێنرایە مهاباد و رۆژنامەیەک و چوار گۆڤار و یەک لەوانیش گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان چاپ و بڵاکرایەوە، شیعر و چیرۆک و ئەدەبیاتی کوردی برەوی پێدرا، بۆ یەکەمجار شانۆنامەی دایکی نیشتمانی بە زمانی کوردی نمایش کرا، رادیۆ لە مهاباد دامەزرا.
هەر لە سەردەمی کۆماری مەهاباد، لەشکری میللیی کوردستان دامەزرا کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێنرا و ئەم ناوە تائێستاش لە ناو کورددا وەک ناوێکی پیرۆز ماوەتەوە، مارشی ئەی رەقیب کرایە سروودی نەتەوەیی و ئاڵای کوردستان دەستنیشان کرا و لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەڵدرا.
پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و کۆماری ئازەربایجان ڕێکخرا و بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان هەناردەی سۆڤیەت کرا، بۆ دابینکردنی بودجەی حکوومەتیش سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاووڵاتییان پەیڕەو کرا.
یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەو مێژووە، بەشداریی بارزانییەکان بە رێبەرایەتیی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە کۆماری کوردستان و بەرگریی هێزی پێشمەرگەی پێكهاتوو لە بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفای بارزانی بوو، بە شێوەیەک کە یەکەم شەهیدی کۆماری کوردستانیش پێشمەرگەیەکی خەڵکی باشووری کوردستان بوو. هەر بەم هۆیەش بوو کە پێشەوا قازی محەممەد لە پاش رووخانی کۆماری کوردستان ئالای پیرۆزی کوردستانی بە مەلا مستەفا بارزانی سپارد.
ئێستا کە 80 ساڵ بەسەر دامەزرناندی کۆماری مەهاباد تێدەپەرێت، وەک لاپەڕەیەکی درەوشاوە لە مێژووی کوردستان و نموونەیەک لە هاوخەباتی و یەکدەنگیی کوردان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی باسی دەکرێت.