لەبەر ئەم هۆکارانە، پاپای ڤاتیکان دێتە عێراق و هەرێمی کوردستان

بڕیارە لە بەهاری ساڵی داهاتوو سەردانی عێراق بکات
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، وێنە: Getty Images
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، وێنە: Getty Images

K24 - هەولێر

پاپای ڤاتیکان مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو روودەکاتە عێراق و سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات، قەشەیەکیش هۆکار و ئامانجەکانی سەردانەکەی ئاشکرا دەکات.

پاپا فرانسیس، یەکەم پاپای کەنسیەی کاسۆلیکییە کە خەڵکی ئەوروپا نەبێت لەوەتەی ساڵی 741ـەوە. سەردانەکەی لەکاتێکدایە پاپاکانی پێشتری نەیانتوانیوە بەهۆی "ئاڵۆزیی دۆخەکە، شەڕ، تووندوتیژی، هێرشی تیرۆرستی و ئاڵۆزیی پەیوەندییە سیاسییەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە، بێنە ئەو وڵاتە".

قەشە رەفعەت بەدر، بەڕێوەبەری سەنتەری کاسۆلیکی بۆ لێکۆڵینەوە و میدیا، وتارێکی لە ڤاتیکان نیوز بڵاوکردووە، کە پۆرتاڵێکی تایبەتە بە هەواڵەکانی پاپا و، هۆکار و ئامانجەکانی سەردانەکەی پاپا فرانسیسی بۆ عێراق روونکردووەتەوە.

یەکەم هۆکار بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس، بەپێی وتارەکەی قەشە رەفعەت ئەوەیە: هانی کۆمەڵگەی مەسیحی بدات لە عێراق، هەروەها دەیەوێت هانی ئەوانە بدات، کە لەسەر خاکی باوک و باپیرانیان ماونەتەوە سەرەڕای کارەساتە لەدوای یەکەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە هەولێرن، چونکە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی مەسیحیی لێیە و لە موسڵ و شارۆچکەکانی دیکەی پارێزگای نەینەواوە ئاوارەی بوون.

لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، جگە لە هەولێر، پاپا فرانسیس سەردانی موسڵ و ناحیەی قەرەقۆش دەکات "دەیەوێت ئەمە هاندەرێک بێت بۆ ئەو مەسیحییانەی ناچار بوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن، تاوەکو بگەڕێنەوە".

دووەم هۆکار بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس بەپێی وتارەکە، ئەوەیە "بانگەشە بۆ دیالۆگ لەنێوان پێکهاتە ئایینییەکان بکات، هەم لەنێوان مەسیحییەکان، هەم لەنێوان مەسیحی و موسڵمانان، نەک تەنیا موسڵمانانی سوننـە مەزهەب، بەڵکو دیالۆگی نێوان مەسیحی و موسڵمانانی شیعەمەزهەبیش".

پاپا فرانسیس لەو سەردانەیدا دەیەوێت پەیامی ئاشتی و گفتوگۆی برایانە بنێرێت، هەروەها "هەماهەنگی هەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق بەشێوازێکی مۆدێرن و بەهێز دوای چەندین ساڵی سەخت لە شەڕ، جیاکاری، هێرشی گرووپە تیرۆرستییەکان بۆ سەر هەموو عێراقییەکان".

سەردانەکە لەکاتێکدایە 19-2-2020 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڤاتیكان لەگەڵ پاپا فرانسیس كۆبووەوە و بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و رەوشی بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، بارودۆخی كریستیانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "قەداسەتی پاپای ڤاتیكان ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كرد، لەو كەشە ئارامەی بۆ تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكان رەخساندوویانە و شوێنی ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرەیان كردووه‌تەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دەستەبەر كردوون".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر ئەوکاتە بانگهێشتی پاپا فرانسیسی کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات