مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: شەڕی ئێستای سووریا هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.

بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا ، دۆخیی گشتیی و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و گفتوگۆی لایەنەسیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ تاوتوێ کرا. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، سڵاو و ڕێزی ئیمانوێل ماکڕۆنی سەرۆکی فەرەنسای بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و جەختی لە برەودانی زیاتر بە دۆستایەتیی و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد."

ئاماژە بەوەش کراوە "سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە."

وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە شەڕ و پەرەسەندنی سەربازی سووریا. هەردوولا نیگەرانی قووڵی خۆیان بەرامبەر شەڕ و پێکدادانەکان دەربڕی کە هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و مەترسی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعشی لێ دەکەوێتەوە. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی گورد و گشت پێکهاتەکان."