تۆم بەڕاک: بە شانازییەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کۆبوومەوە

تۆم بەڕاک
تۆم بەڕاک

نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا دەڵێت، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و جەختیان لە جێبەجێکردنی 18ـی کانوونی دووەم کردووەتەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆم بەڕەک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ سووریا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' ئاماژەی بەوە کردووە، "بە شانازییەوە ئەمڕۆ لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کۆبوومەوە."

تۆم بەڕاک ئاماژەی بەوەش کردووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی لە پشتیوانی و پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ پێشخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوە کە لە ڕێکەوتنی 18ی کانوونی دووەمدا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریادا هاتووە."

نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا باسی لەوەش کردووە "هەموو لایەنەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە یەکەم هەنگاوی بنەڕەتی بریتییە لە پابەندبوونی تەواو بە ئاگربەستی ئێستا، لە هەمان کاتدا پێکەوە کاردەکەین بۆ دەستنیشانکردن و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی متمانە بنیاتنان لە هەموو لایەنەکانەوە بۆ بەهێزکردنی متمانە و سەقامگیریی هەمیشەیی."