ئاگری دوو بیرە نەوتەکەی کێڵگەی خەبازەی کەرکووک کۆنترۆڵکرا

هەفتەیەک بوو لەڕێگەی بۆمب تەقێنرابوونەوە

هەفتەیەک بوو بیرەکە لەڕێگەی بۆمب تەقێنرابووەوە
هەفتەیەک بوو بیرەکە لەڕێگەی بۆمب تەقێنرابووەوە

K24 - هەولێر

ئاگری هەردوو بیری ژمارە 33 و 44ـی کێڵگەی خەبازە لە باشووری کەرکووک لەدوای هەفتەیەک لە هەڵگیرسانی، ئەمڕۆ کۆنترۆڵ کرا.

لە برووسکەیەدا کە ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل، وەزیری نەوت بۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ناردووە، هاتووە "ئاگری هەردوو بیری نەوتی ژمارە 33 و 44ـی کێڵگەی نەوتی خەبازە لە پارێزگای کەرکووک بە کاتێکی پێوانەیی کوژێنرایەوە".

هۆکاری ئاگرکە، تەقاندنەوەی بۆڕییەکان بوو بە بۆمب، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی.

وێڕای بوونی سەدان چەکدار و ھێزی جۆراوجۆر لە کەرکووک، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە كێڵگە نەوتییەکان بەتەواوی بپارێزن لە ھەڕەشەی تیرۆریستی.

زیانی رۆژانەی تەقاندنەوەی ئەو دوو بیرە بۆ هەر رۆژێک، هەزار تاوەکو دوو ھەزار بەرمیل نەوت بوو.

لە دوای شانزەی ئۆکتوبەرەوە ھیچ کێڵگەیەکی نەوتی لە سنووری کەرکوک، پارێزراو نەبووە لە ھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان و لەماوەی یەک مانگیشدا، سێ جار ھێرشکراوەتە سەر کێڵگەی خەبازە.

رۆژانە 200 ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک دەنێردرێتە پاڵاوگەکانەوە و بۆ پێداویستی نێوخۆی بەکاردەھێنرێت. 100 تاکو 120 ھەزار بەرمیلیش ھەناردەی بەندەری جیھانی تورکی دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment