هەڕەشەکانی ئەمریکا عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری قووڵ دەکاتەوە
عەباس جبوری، سەرۆکی سەنتەری ڕافید بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژی، هۆشداریدا لەو دەرەنجامە مەترسیدارانەی کە عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەردەوام بن لە بەشداریپێکردنی گرووپە چەکدارەکان لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراقدا. ئاماژەی بەوەش کرد، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی واشنتن بۆ بڕین یان سنووردارکردنی داهاتە نەوتییەکان، وڵات ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئاڵۆز دەبێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، عەباس جبوری ڕایگەیاند: "هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق تەنها ڕێکارێکی ڕەمزی یان سیاسی نین، بەڵکو ئامرازێکی زۆر مەترسیدارن بۆ فشاری ئابووری. بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی تەواوەتیی عێراق بە سیستەمی دارایی ئەمریکا بۆ داهاتە نەوتییەکان، ئەم دۆخە ئابووریی نیشتمانی ڕووبەڕووی شۆکی چاوەڕواننەکراو دەکاتەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر مووچە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، یەدەگی دراوی بیانی و سەقامگیریی بەهای دراو دەبێت."
جبوری ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا لە ڕوانگەی ئاسایشی ناوچەکە و پابەندبوون بە پێوەرەکانی حوکمڕانییەوە لە پرسی بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتدا دەڕوانێت. هەر هەنگاوێک کە وەک "بەیاساییکردنی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت" لێکبدرێتەوە، دەتوانێت واشنتن هان بدات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دارایی سزادەر، لەوانەش بلۆککردنی سەروەت و سامان یان سەپاندنی سنووردارکردنی توندی بانکی.
سەرۆکی سەنتەری ڕافید جەختی لەوەش کردەوە، کە عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی سەروەریدایە، ئەویش بریتییە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان داواکارییەکانی کۆدەنگیی سیاسیی ناوخۆیی و ئەو پابەندبوونە نێودەوڵەتییانەی کە سیستەمی دارایی جیهانی سەپاندوونی. ناوبراو هۆشداریدا لەوەی پشتگوێخستنی ئەم هاوسەنگییە، دەتوانێت وڵات بخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زیندوکردنەوەی سیناریۆکانی دابڕانی ئابووری و سزای ڕانەگەیەندراو.
جبوری گوتیشی: "چارەسەر لە پەرەسەندنی ململانێ یان سەرپێچیکردندا نییە، بەڵکو لە گرتنەبەری ڕێبازێکی حوکمڕانیی ڕووندایە کە لەسەر بنەمای قۆرخکردنی هێز لەلایەن دەوڵەتەوە بێت، هەروەها بەهێزکردنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و دڵنیاکردنەوەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەوەی کە حکوومەتی داهاتوو بەپێی لۆژیکی دەوڵەت و دامەزراوەکان بەڕێوەدەچێت، نەک لۆژیکی کاریگەرییەکانی دەرەوە."
لە کۆتاییدا دەڵێت: "هەر دەستکارییەک لە داهاتی نەوت، کە زیاتر لە 90%ـی سەرچاوەکانی دەوڵەت پێکدەهێنێت، گەورەترین بارگرانی دەخاتە سەر شانێ هاووڵاتییانی عێراق". داواشی لە هێزە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندیی نیشتمانی لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن و دان بەوەدا بنێن کە سەقامگیریی ئابووری بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێس (AP)، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، ئەمریکا لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە دەستگەیشتن بە دۆلار، دەستی بە هەڕەشەکردن لە عێراق کردووە و ئەمەش سەرەتای "خنکاندنی ئابووری"ی ئەو وڵاتەیە. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە واشنتن دەستی بە نەوتی ڤەنزوێلا گەیشتووە و خستوویەتییە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
ئاژانسەکە ڕوونی کردووەتەوە، هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای ئابووریی ڕاستەوخۆ بەسەر حکوومەتی عێراق و ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی دۆلار، هەنگاوێکی بێپێشینەیە لە مامەڵەی واشنتن لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکەیدا. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پێگەی ئەمریکادا دەکات دوای دەستگەیشتنی بە نەوتی ڤەنزوێلا.
بەگوێرەی شیکاریی ئاژانسەکە، هەڵوێستە نوێیەکەی ئەمریکا بەرامبەر عێراق، لەو باوەڕەی واشنتنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەتوانێت کۆنترۆڵی بازاڕی نەوتی جیهانی بکات و ڕێگری لە هەر بەرزبوونەوەیەک لە نرخ بکات ئەگەر هەناردەی عێراق بوەستێت، ئەوەش لە ڕێگەی قەرەبووکردنەوەی بە نەوتی ڤەنزوێلا. ئەم سیناریۆیە ئەگەری جێبەجێبوونی هەیە ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی عێراق بە دۆلار.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئەمریکا هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە و بەڵێنی داوە سزای ئابووریی گشتگیر بەسەر خودی حکوومەتەکەدا بسەپێنێت، نەک تەنها بەئامانجگرتنی کەسایەتی یان دامەزراوەکان. هەروەها هۆشداریداوە ئەگەر گرووپە چەکدارەکان بەشداری حکوومەتی داهاتووی عێراق بکەن، ئەوا واشنتن کارێک دەکات کە عێراقییەکان بە "برسیەتیی دۆلار" ناوی ببەن.
ئەم هەڕەشانەی ئەمریکا دەرەنجامی چەندین جار هۆشداریدانە بە بەغدا سەبارەت بە بەشداریپێنەکردنی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی داهاتوودا، بەڵام عێراق تا ئێستا وەکوو پێویست مامەڵەی لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئەمریکادا نەکردووە. هاوکات بەشێک لەو کەسایەتی و گرووپانەی ئەمریکا ناویان دەهێنێت و دژایەتییان دەکات، پۆستی باڵایان وەرگرتووە یان لە پلاندایە پۆستیان پێ بدرێت.