ئەنجوومەنی وزاری ئابووریی عێراق: دەستکاری مووچە و دەرماڵە ناکرێت
خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی مووچەخۆرانی عێراق، ئەنجوومەنی وزاری ئابووریی فیدراڵی هێنایە دەنگ و رایگەیاند، پاشەکشەیان لە بڕیاری پێشووتری خۆیان نەکردووە، جەختی لەوەکردووەتەوە، مووچە و دەرماڵەی مووچەخۆران دەستکاری ناکرێت.
دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وزاری ئابووریی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە، دووپاتی دەکەینەوە، لە بڕیاری پێشووماندا بڕیامان لەسەرداوە، بە هیچ شێوەیەک دەستکاری مووچە و دەرماڵەی مووچەخۆران ناکەین، هاوکات هیچ لێبڕینێک لە مووچە ناکرێت.
لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، وەزارەتی دارایی داوای کردووە یەکەکانی خەرجکردن لیستی مووچەی تەواو پێشکەش بکەن، سەبارەت بە دانپێدانانی بڕوانامەی ئەکادیمی، بڕیارەکە ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە ڕەزامەندی پێویستیان بۆ خوێندن بەدەستهێناوە.
دوای ئەوەی دەنگۆی بڕینی دەرماڵە و لێبڕین لە مووچە بڵاوکرایەوە، بە خێرایی کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، چاودێری ئەو زانیارییانە دەکات، کە لە هەندێک سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (40)ی ساڵی 2026 بڵاودەکرێنەوە.
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، پێویستە لەسەر هەموو یەکەکانی خەرجی (چ ئەوانەی بودجەیان ناوەندییە یان خۆژێن، چ قازانجکار بن یان زیانبەخش) ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر؛
1- ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی (میلاکی هەمیشەیی، گرێبەست و کرێکاری رۆژانە) بۆ فەرمانگەی ژمێریاری.
2- ئاگادارکردنەوەی فەرمانگەی ناوبراو لە بڕی بڕینە باجییەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ خەزینەی گشتیی دەوڵەت.
3- ناردنی پشکە خانەنشینییەکان بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەران بە ئامانجی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، چونکە ئەمە مافێکی یاساییە و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام دەبێت.
روونکردنەوە سەبارەت بە دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی
وەزارەت چەند خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە بڕگەی (7) لە بڕیاری ژمارە (40) ڕوون دەکاتەوە:
1- تەرخانکردن بۆ مامۆستایان: خەرجکردنی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا، تەندروستیی و لایەنەکانی دیکە) تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بۆ وانەوتنەوە تەرخانکراون (متفرغ)، و پێدانی ئەم دەرماڵەیە بەو کەسانەی تەرخاننەکراون ڕادەگیرێت، ئەمەش جێبەجێکردنی دەقی یاسای خزمەتی زانکۆیی ژمارە (23)ی ساڵی 2008ە.
2- مافی کارگێڕی و تەکنیکییەکان: ئەم بڕیارە بە هیچ شێوەیەک دەستکاری دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی کارگێڕییەکان 75% و تەکنیکییەکان 100% ناکات کە لە یاساکەدا چەسپێنراوە، چونکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ناتوانێت دەقە یاساییە کاراکان هەموار بکاتەوە.
3- بەردەوامی تەرخانکردنی دارایی: وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستیی، پەروەردە و هەر لایەنێکی دیکە کە یاساکە دەیانگرێتەوە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی یاساکە و بودجەی پێویستیان بۆ تەرخانکراوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات؛ ورد و وشیار بن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن، ئەم رێکارانە تەنیا بۆ ڕێکخستنی کارە داراییەکان و پاراستنی مافە یاسایی، خانەنشینی و باجییەکانە.