ڤیدیۆ.. لە ئەمەریکا قۆڵبەستکردنی ژنێکی بێتاوانی رەشپێست بە رووتی، هەرادەنێتەوە
هەواڵدەرێک ناونیشانەکەی بە هەڵە بە پۆلیس داوە

K24 - هەولێر
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ساتی قۆڵبەستکردنی ژنێکی بێتاوانی رەشپێست بە رووتی و لەنێو ماڵەکەی خۆی، کاردانەوەی تووندی خەڵکی شیکاگۆی ئەمەریکای لێکەوتەوە.
پۆلیسی شیکاگۆ، 21-2-2020 لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو ژنە رەشپێستە، بەڵام ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنەکە تازە بڵاوکراوەتەوە.
ئانجانێت یۆنگ، ژنێکی تەمەن 50 ساڵە و کارمەندی کۆمەڵایەتییە، تازە لە دەوام گەڕاوەتەوە ماڵەوە و خەریکی خۆگۆڕینە، کاتێک پۆلیس هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و دەرگاکەی دەشکێنن و قۆڵبەستی دەکەن.
حەوت کامێرای جیاواز، کە بە جلوبەرگی پۆلیسەکانەوە بەندن، ئۆپەراسیۆنەکەیان تۆمارکردووە.
یۆنگ لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، لەکاتێکدا پەشۆکاوە و دەڵێ "چی بووە؟ بەدوای چیدا دەگەڕێن" پۆلیس وەڵامی دەدەنەوە کە مۆڵەتیان هەیە لەو ماڵەدا بەدوای تۆمەتبارێک بگەڕێن، ژنەکە بە گریان و پاڕانەوە دەڵێ "هیچ کەسێک لەو ماڵەدا نییە، من بەتەنیا دەژیم".
یۆنگ بۆ کەناڵی CBS 2ـیئ ئەمەریکی قسەی کردووە و دەڵێ "رووداوەکە ئەوەندە بە خێرایی روویدا، کاتم نەبوو جلەکانم لەبەربکەمەوە، بەڵکو تۆقیبووم، هەستم بە ئابڕووچوون دەکرد".
پۆلیسەکان دوای ئەوەی دڵنیابوونەتەوە لەوەی بە هەڵە هاتوونەتە سەر ئەو ماڵە، یەکێکیان داوای لێبوردنی لە یۆنگ کردووە، ئەوانەی دیکەش هەوڵیانداوە دەرگا شکێنراوەکەی بۆ چاکبکەنەوە.
بەپێی کەناڵی CBS 2ـی ئەمەریکی، گومانلێکراوەکە، کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدرابوو، لە هەمان ناوچە دەژیا، بەڵام ئەو کەسەی هەواڵی لێداوە، ناونیشانەکەی بە هەڵە بە پۆلیس داوە.
کینان سۆڵتەر، پارێزەری یۆنگ ئێستا خەریکە سکاڵا لەدژی پۆلیسی شیکاگۆ تۆماردەکات و، دەڵێ "ژنێکی سپیپێستی گەنج، بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵدا نەدەکرا. ئەوان بە کەمتر لە مرۆڤ سەیری خاتوو یۆنگیان کردووە".
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە، رەشپێستانی ئەمەریکا بەردەوام گلەیی دەکەن، کە پۆلیس جیاوازی لەنێوان ئەوان و سپیپێستەکان دەکەن، یەکێک لەو کەیسانەش کە خۆپیشاندانی زۆر گەورە و تووندوتیژی بەدوای خۆیدا هێنا، کوشتنی جۆرج فلۆید، پیاوێکی رەشپێست بوو لەلایەن پۆلیسێکی سپیپێستەوە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە مینیاپۆلیس.
کەیسی ئەو ژنە رەشپێستە ئەمەریکییە، بە کەیسی بریۆنا تایلەر، ژنێکی گەنجی رەشپێستی ئەمەریکی دەچوێنرێت، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئازاری ئەمساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە ویلایەتی کەنتاکی بە گوللـە کوژرا.