لە کۆڵۆمبیا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک 15 کەس گیانیان لەدەستدا

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی کۆمپانیای "ساتینا"ی دەوڵەتی لە ناوچەیەکی شاخاوی نزیک سنوورەکانی ڤەنزوێلا کەوتە خوارەوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەرجەم 15 سەرنشینی فڕۆکەکە کە تیمی فڕۆکەوانی و چەند کەسایەتییەکی سیاسییان تێدابووە، گیانیان لەدەستداوە.

فڕۆکەکە لە جۆری (NSE 8849) بووە و  لە شاری کوکوتاوە بەرەو ئۆکانا بەڕێ کەوتووە. هێڵی ئاسمانی ساتینا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنیا 12 خولەک دوای فڕین و پەیوەندیی فڕۆکەکە لەگەڵ تاوەری چاودێری پچڕاوە و نەگەیشتووەتە شوێنی مەبەست بڕیاربووە سەعات 12:05بنیشێتەوە.

بەرپرسێکی فڕۆکەوانی بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی ڕاگەیاندووە؛ هیچ ڕزگاربوویەک لە ڕووداوەکەدا نییە. لەنێو قوربانییەکاندا "دیۆجینیس کوینتێرۆ" ئەندامی پەرلەمانی کۆڵۆمبیا و "کارلۆس سالسیدۆ" کاندیدی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئازاری کۆنگرێس هەبوون.

فڕۆکەکە لە ناوچەیەکی شاخاوی و سەختدا کەوتووەتە خوارەوە؛ ئەو ناوچەیە بەوە ناسراوە کە کێڵگەی چاندنی ڕووەکی "کۆکا"ی تێدایە و مەڵبەندی چالاکی گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی وەک (سوپای ڕزگاری نیشتمانی - ELN) و چەکدارە جیابووەوەکانی ڕێکخراوی (فارک)ە. تا ئێستا هۆکاری سەرەکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ڕانەگەیەندراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.