وەزارەتی پەروەردە سزای قوتابییەکەی کەرکووک هەڵدەوەشێنێتەوە

وێنە (کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک)
وێنە (کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک)

لە شاری کەرکووک، قوتابییەک لە قوتابخانەیەکی ئەهلی (خوێندنی عەرەبی) بەهۆی کێشانی وێنەی ئاڵای کوردستان لەسەر پەڕەیەک، لە قوتابخانەکەی دەردەکرێت. ئەم رووداوە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ هاتە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و پاڵپشتیکردنی قوتابییەکە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایگەیاند، دەرگای هەموو قوتابخانە کوردییەکان بۆ ئەو قوتابییە کراوەیە. ئاماژەی بەوەش کرد؛ بەگوێرەی رێنمایی وەزیری پەروەردە، قوتابییەکە دەتوانێت لە دوای پشووەکان تاقیکردنەوەکانی ئەنجام بداتەوە و هیچ ساڵێکی خوێندنی لێ ناچێت.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رەفتاری قوتابخانەکەی بە "ناپەروەردەیی و شۆڤێنيانە" وەسف کرد. رایگەیاند؛ پەیوەندی بە خێزانی قوتابییەکەوە کردووە و وەزارەت ئامادەیە تەواوی تێچووی خوێندنی ئەمساڵی لە ئەستۆ بگرێت.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد؛ پەروەردەی گشتیی کەرکووک (سەر بە حکوومەتی فیدراڵ) بەدەم داواکارییەکەیانەوە هاتوون و بەڵێنیان داوە کێشەکە چارەسەر بکەن و رێگە نەدەن قوتابییەکە لە خوێندن داببڕێت.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە باوکی ئەو قوتابییە لە ساڵی 2017 کۆچی دوایی کردووە و باری دارایی خێزانەکەیان سنووردارە، بۆیە حکوومەتی هەرێم بەڵێنی پاڵپشتی دارایی و مەعنەوی تەواوی پێداون.