ئالان حەمەسەعید: خەرجیی خوێندنی ئەو قوتابییە دەگرمە ئەستۆ کە لەسەر کێشانی ئاڵای کوردستان دەرکرابوو

وەزیری پەروەردە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دوای ئەوەی قوتابییەکی کورد لە کەرکوک بەناوی دیار خلیل  لە  خوێندنی  سیستمی ئیتحادیی  لە قوتابخانەیەکی ناحکوومی  بەهۆی ئەوەی لەوانەی هونەردا وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشابوو، لە قوتابخانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی دەدرێت، قبووڵ ناکەین هیچ قوتابییەک لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان و ئاڵای کوردستان سزا بدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دوای ئەوەی قوتابییەکی کورد لە کەرکوک بەناوی دیار خلیل  لە  خوێندنی  سیستمی ئیتحادیی  لە قوتابخانەیەکی ناحکوومی  بەهۆی ئەوەی لەوانەی هونەردا وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشابوو، لە قوتابخانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی دەدرێت . 

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە داوە، کاتیک بابەتەکەم پێگەیشت راستەوخۆ مامۆستا کامران بەرێوەبەری خوێندنی کوردیم راسپارد، بەهیچ جۆرێک ئەمە نابێت قبووڵ بکرێت و قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکوک بکەن  حکوومەتی فیدراڵ ، قسەی لەگەڵ کردوون و بەڵێنیان دابوو سبەی چارەسەری بابەتەکە دەکەن و لێپرسینەوەش لە قوتابخانەکە دەکەن.

هەروەها باسی لەوە کردووە، بڕیارمداوە پارەی خوێندنەکەی لە ئەستۆ بگرم وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو ئازیزە و دڵنیابن ئەو منداڵە بێ خوێندن نامێنێتەوە بابەتەکە چارەسەر دەبێت،  جیا لەوەش هەموو قوتابخانە کوردییەکانی ئێمە لە کەرکوک لەبەردەمیدا کراوەیە.