توێژینەوەیەک: کورتە ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بیرەوەری لاواز دەکەن

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی "لودفیگ ماکسیمیلیان" لە ئەڵمانیا کە ماڵپەڕی "Boing Boing" بڵاویکردووەتەوە، دەریخستووە کە کورتە ڤیدیۆکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەیان لەسەر کارکردنی بیرەوەری و توانای ئەنجامدانی کارەکان هەیە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، بەکارهێنانی تیکتۆک دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان خێرایی و وردی لە ئەنجامدانی کارەکاندا، لە کاتێکدا پلاتفۆرمەکانی دیکە هەمان کاریگەرییان بەو ئاستە نەبووە. توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاڵوودەبوون بە سۆشیاڵ میدیا و سەرقاڵبوون بە مۆبایل، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر وردیی کارەکان نەبووە، بەڵکو خودی "ڤیدیۆ کورتەکان" هۆکاری سەرەکیی لاوازبوونی بیرەوەرین.

لە تاقیکردنەوەیەکدا کە لەسەر 60 بەشداربوو ئەنجامدراوە، داوایان لێکراوە کارێکی دیاریکراو ئەنجام بدەن کە پێویستی بە بیرهێنانەوە و جێبەجێکردن هەبووە، لە هەمان کاتدا ڤیدیۆی یەکێک لەو پلاتفۆرمانەیان نیشان دراوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە تیکتۆک بە شێوەیەکی بەرچاو توانای بەشداربووانی بۆ جێبەجێکردنی کارەکان لاواز کردووە، بەڵام (ئێکس) و یوتیوب هەمان کاریگەرییان نەبووە.

توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە تێکەڵکردنی ڤیدیۆ کورتەکان و گۆڕینی خێرایی کارەکان (Multitasking)، وا دەکات تێگەیشتن و بیرهێنانەوەی ئەو کارانەی مرۆڤ بە نیازە بیکات، زۆر زەحمەت بێت. تیکتۆک بە شێوەیەکی مەترسیدار کارکردنی "بیرەوەری ئاییندەیی" (Prospective Memory) لاواز دەکات، کە بەرپرسە لە ئەنجامدانی ئەو پلان و کارانەی مرۆڤ بۆ داهاتوو دایان دەنێت.

هەروەها توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە کە سەیرکردنی بەردەوامی ڤیدیۆ کورتەکان لەبری ئەوەی بێزاری بڕەوێنێتەوە، هەستی بێزاری لای بەکارهێنەر زیاد دەکات. هەرچەندە پێشتر وا دەزانرا تیکتۆک بەهۆی سەرنجڕاکێشییەکەیەوە زیاتر مێشک سەرقاڵ دەکات، بەڵام دەرکەوتووە کە ئەم پلاتفۆرمە پلانەکان لە مێشکدا دەسڕێتەوە و توانای مرۆڤ بۆ بەرهەمهێنان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان لەناو دەبات.