وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: پێویستە داعش بوەستێنین
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا باس لەوە دەکات، لە هەموو شوێنێک لە دژی تیرۆر شەڕ دەکەین و لە هەر شوێنێک داعش هەبێت پێویستە بوەستێنین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، بە بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: پێویستە داعش بووەستێنین، سەربازانی ئیتاڵی لە کوردستانن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە داعش.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، گرنگە لە پێناو ئاشتی کاربکەین و داعش بوەستێنین، داعش زۆر مەترسیدارە، ئێمە لە هەموو شوێنێک لە دژی تیرۆر شەڕ دەکەین، بەهەمان شێوە لەم بەشەی جیهانیش، لە سووریا، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم کارە دەکەین.
بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئێوارەی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمی هێزەکانی لەو کەمپە کشاندەوە و لە راگەیەندراوێکدا، رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت کە بەرانبەر بە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بێدەنگە و بەهۆی بێباکی نێودەوڵەتی جیددی نەبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەکردنی پرسی داعش و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی، ناچاربوون هێزەکانی هەسەدە لە کەمپی هۆل بکشێنەوە و دووبارە لەو شارانەی باکووری سووریا جێگریان بکەنەوە، کە کەوتوونەتە بەردەم مەترسی و زیاتربوونی هەڕەشەکان.
دوێنێ چوارشەممە، کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: کەمپی هۆل تەنیا شوێنێک نییە بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکان، بەڵکو گۆڕدراوە بۆ سەنتەرێک بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی "هزری داعشی مەترسیدار".
گوتیشی: زیاتر لە 60 هەزار کەس لە ڕەگەزنامەی جیاوازی وڵاتانی جیهان لەو کەمپەدا نیشتەجێ کراون، کە ئەمەش وای کردووە کەمپەکە وەک "بۆمبێکی تەوقیتکراو" بێت و ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا بتەقێتەوە.
بریکاری وەزارەتی کۆچ، هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە بە "هەڵوێستێکی ئازایانە و نیشتمانی" وەسف کرد و گوتی: "نزیکەی 21 هەزار کەس بە 31 قۆناغی جیاواز گەڕێندرانەوە بۆ عێراق."